چیرۆکی ئەو بووک و زاوایەی هەولێر کە وێنەی هاوسەرگیرییەکەیان بردە مزگەوت
رووداو دیجیتاڵ
بووک و زاوایەک لە هەولێر وێنەگرتنی رۆژی هاوسەرگیرییان دەبەنە مزگەتی ئاڵتوونی ئەو شارە.
پشووی مەولوودی زاوا تەمەنی 19 ساڵە و خەڵکی هەولێرە و، بێریڤان نوورەددینی بووک تەمەنی 18 ساڵە و خەڵکی کەرکووکە.
پشووی مەولوود، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پەیامی لەو کارە تەنیا سوپاسکردنی خودایە کە گەیشتووە بەو ئافرەتە. ئەو باس لەوە دەکات، ئاواتی ئەوە بووە ئەو کەسەی دەبێتە هاوژینی باڵاپۆش بێت و دەڵێت، "سوپاس بۆ خوا هەرواش بوو".
پشووی لەبارەی ئەوەی کامیان پێشنیازی کردووە کە بۆ وێنەگرتن بچنە مزگەوت ئاماژە بەوە دەدات، خۆی پێشنیازی کردووە کە وێنەگرتنی هاوسەرگیرییەکەیان لە مزگەوتبێت و بێریڤانیش زۆری پێ باش بووە.
زاوا ئاشکرای کرد، ئەوان نیازیان نەبووە وێنەکانیان بڵاوببێتەوە، بەڵام ئەو و هاوژینەکەیشی لە سۆشیاڵ میدیا بینیویانە و، دەڵێت، "کاتێک بڵاوکرانەوە زۆر هەستێکی خۆشم هەبوو کە ئەو هەموو خەڵکە پیرۆزبایمان لێ دەکەن".
بە گوتەی پشووی، هیچکام لە بنەماڵەی ئەو و هاوژینەکەی ئاگاداری ئەوە نەبوون کە لە مزگەوت وێنە دەگرن، چونکە نیازیان وابووە بۆیان بکەنە سوپرایز. وەک خۆی دەڵێت، کە بڵاوکرانەتەوەوە خۆیشیان تووشی سەرسورمان بوون.
پشووی مەولوود دەڵێت، "ڕاستە ئەمڕۆ لە سۆشیال میدیا وێنەکانم بڵاوبوونەوە و خەڵکێک هەبووە دستخۆشیی کردووە. بۆیە دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە مەبەستی ئێمە ریکلام و خۆدەرخستن نەبووە".
لەبارەی وێنەگرتنی ئەو دوو بووک و زاوایەی ئەمڕۆ لە تۆڕ کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەکانیان دەنگدانەوەیەکی بەرچاوی بە خۆوە بینی، سیهاد چاوشین، فۆتۆگرافەرە و وێنەی بووک و زاواکەی گرتووە و دەڵێت، "کارێکی تەواو جیاواز بوو لە رووی فۆتۆگرافییەوە کە لە هەرێمی کوردستان بۆ بووک و زاوا کرابێت. دوای ئەوەی لە ئەکاونتی تایبەتی خۆم وێنەکانیانم بڵاوکردەوە، لە ماوەی چەند خولەکێکدا تەواوی سۆشیال میدیای تەنی و بووە باسی رۆژ".