بڕیاری شەهید ئاسۆ کۆچی دواییکرد

رووداو - هەولێر
دوای سێ رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، "بڕیار"ی تەمەن چوار ساڵ کە کوڕی شەهید ئاسۆ جەلال مەسۆیی بوو، کۆچی دواییکرد.

شەهید ئاسۆ لە گۆڕستانی سەیوان لە سلێمانی بەخاکسپێردراوە. کەسوکارەکەی دەڵێن، بڕیار لە تەنیشت باوکی بەخاکدەسپێرن.

ئاسۆ جەلال رۆژی 31-7-2019 لە هێرشێکی داعشدا لە شارۆچکەی کوڵەجۆی سنووری گەرمیان شەهیدبوو. لە دوای شەهیدبوونی، بڕیاری کوڕی بەردەوام بە دایک و کەسوکارەکەی گوتوە "باوکم لەکوێیە".
بڕیار سێ برای دیکەی هەیە کە هەموویان لە خۆی گەورەترن. وەک کەسوکارەکەی دەڵێن، لەگەڵ باوکی زۆر هۆگری یەکدی بوون، هەر ئەوەش وایکردووە دوای شەهیدبوونی باوکی ئیدی وەک جاران نەمێنێت و تەنانەت بە کەمی خواردنیش بخوات.
بەگوتەی کەسوکارەکەی، ئەو بەیانیەی کە نەخۆشکەوتووە واتە رۆژی (هەینی 23-8-2019) بڕیار دوو جار دڵی وەستاوە و پزیشکەکان خستوویانەتەوە کار، مێشکیشی لەکار کەوتبوو..
 
پێشتر دایکی بڕیار لە نەخۆشخانە بە رووداوی راگەیاندبوو "لەو کاتەوەی زانی باوکی شەهیدبووە، نان و ئاوی نەدەخوار. پرسیارمان لێدەکرد بۆچی بێتاقەتی،  دەیگوت بیری باوکم دەکەم، راست ناکەن باوکم نەمردووە. بێتاقەت بوو و قسەی لەگەڵ کەس نەدەکرد. بەبۆنەی کەمخۆری نەخۆشکەوت و بردمە نەخۆشخانە، شەوێک لە نەخۆشخانە خەوێندرا و ئاوی تێکرا. بەڵام کە هێنامە ماڵەوە دەڕشایەوە، دواتر تۆزێک باشتر بوو. دووبارە دەیگوت دایە ملم ئازاری هەیە و منیش دەمشێلا و قاچەکانی سارد بوون. کاژێر 6ی بەیانی هەستام بینیم کەف لەناو دەمیەتی و زمانی کەوتبووە ژێر ددانی. ئیدی هێنامانە نەخۆشخانە، لێرەش گوتیان شەکرەی بەرزبووەتەوە".