لە مەلەتی منداڵێکی 11 ساڵان بە تراکتۆر دوو منداڵ دەکوژێت


رووداو دیجیتاڵ

لە شارۆچکەی ئارگان سەربە پارێزگای مەلەتیی باکووری کوردستان، تراکتۆرێک کە منداڵێکی تەمەن 11 ساڵ لێیدەخوڕی، چەند منداڵێکی شێلا، کە لە لێواری رێگە یارییان دەکرد. بەو هۆیەوە دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا و دووانی دیکەش برینداربوون.
 
رووداوەکە کاژێر 21:00ی شەوی چوارشەممە 24-07-2024 لە گوندی ئۆرەن سەر بە شارۆچكەی ئارگان روویدا. بەگوێرەی زانیارییەکان، "ک.ئە."ـی تەمەن 11 ساڵ بە تراکتۆر بەرەو گوندی چاتیۆل دەچوو، بەڵام تراکتۆرەکە لە کۆنترۆڵی منداڵەکە دەرچووە و خۆی کێشاوە بەو منداڵانەی کە لە لێواری رێگاکە یارییان دەکرد. 
 
دوای ئەوەی تراکتۆرەکە خۆی کێشا بە دیواری ماڵێکدا وەستا، لە رووداوەکەدا چوار منداڵ بریندار بوون. بریندارەکان بە ئامبوڵانس گواستراونەوە بۆ نەخۆشخانەی دەوڵەت لە ئاکچەداغ و نەخۆشخانەی فێرکاری مەلەتی. 
 
سەرەڕای هەوڵی پزیشکان، بەڵام ئادا یڵدرم ـی تەمەن حەوت ساڵ و زەلال یڵدرم ـی تەمەن 11 ساڵ و گیانیان لەدەستدا. تەرمەکانیان رەوانەی دادپزیشکی کران.
 
هەریەک لە "گ.ش." ـی تەمەن حەوت ساڵ ئەو "ئا. ک." ـی تەمەن حەوت ساڵ لە ناوەندی پزیشکی تورگوت ئۆزال چارەسەر کران. 
 
شۆفێری تراکتۆرەکە لەژێر چاودێریدایە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.