بەڕێوەبەری ئاوی شاوێس: ئاستی ئاوی ژێر زەوی 40٪ کەمیکردووە

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی کۆمەڵگەی شاوێس رایدەگەینێت، ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە سنوورەکەیاندا دابەزیوە، بەشێوەیەک هەموو بیرە ئیرتیوازییەکانی سنوورەکە 40٪ ئاویان کەمیکردووە. دەشڵێت، "ئێستا ئاستی ئاوی 15 بیریان بەشێویەک کەمیکردووە بەرەو وشکبوون دەچن."
 
شەمسەدین عەبدولقادر، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی شاوێس لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی لە سنوورەکەدا تەنیا پشت بە ئاوی ژێر زەوی دەبەستن، ئێستا ئاستی ئاوی ژێر زەویی لە سنوورەکە زۆر دابەزیوە بەشێوەیەک کە نزیکە 40٪ ئاستی ئاوی هەموو بیرەکان دابەزیوون و کەمیکردووە.
 
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی شاوێس گوتیشی، لەو سنوورە 49 بیری ئیرتیوازی هەن کە بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاونیشتمانیان سوودی لێدەبینن، بەڵام ئێستا 15 بیر لەوانە ئاستی ئاویان زۆر کەمیکردووە بە شێوەیەک ئەگەر و مەترسی وشکبوونیان لەسەرە.
 
بەگوتەی شەمسەدین عەبدولقادر، یەکێک لەو گرفتانەی هۆکارن بۆ دروستبوونی گرفتی کەمئاوی لە سنوورەکەدا ئەوەیە کە "هاونیشتمانییان بەهیچ شێوەیەک رەچاوی دۆخی کەمئاوی ناکەن و ئاوێکی زۆر بەفیڕۆ دەدەن."
 
بەشێک لە هاونیشتمانییانی هەردوو گەڕەکی سەفین و قەرەبوو لە شاوێس لەرێگەی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداووە گلەیی لە کەمئاوی گەڕەکەکانیان دەکەن. بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی شاوێس دەڵێت،" هۆکارەکەی گرفتی کەمئاوی لەو دوو گەڕەکە کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی بیری ئەو دوو گەڕەکەیە، بەڵام ئێستا سەرقاڵی هەڵکەندنی بیرین، وەکو چارەسەری کاتیش لە سەرچاوەی دیکەوە ئاویان بۆ دابین دەکەین."
 
گرفتی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەویی یەکێکە لەو گرفتانەی رووبەڕووی سنووری پارێزگای هەولێر بووەتەوە و ئێستا زۆرینەیان ئاستی ئاویان کەمیکردووە.
 
بەگوتەی شەمسەدین عەبدولقادر، "سێ بیر دووبارە هەڵکەندراونەتەوە و قوڵتر کراون، هەروەها هەفتانە بەشێک لە بیرەکان ئاستی ئاویان دادەبەزێت بۆیە بەشێک لەو بیرانە سێ بۆڕییان بۆ شۆڕدەکرێتەوە (بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی بیرەکان)، بەوهۆیەوە گرفتی نەبوونی بۆرییان هەیە و داوایانکردووە لە دەرەوەی کوردستانەوە هاوردەبکرێتەوە."
 
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی شاوێس ئاماژەی بەوەشکرد، لە سنووری پارێزگای هەولێر ئاستی ئاو بەشێوەیەک دابەزیوە لە نێوان 500 بۆ 700 مەتردایە، ئەوەش گرفتی بۆ دروستکردوون بۆ ئەو ئامێرانەی کە بیر هەڵدەکەنن چونکە ئەو ئامێرانەی هەن توانای هەڵکەندنی بیری 300 مەترییان هەیە.