رێگەوبانی هەولێر: رێگەی مامە جەلکە بە گوژمەی 3.5 ملیار دینار نۆژەن دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر دەڵێت، رێگەی مامە جەلکە - هیران بە گوژمەی سێ ملیار و 500 ملیۆن دینار نۆژەن دەکرێتەوە. دەشڵیت، لە ماوەی ئەم ساڵدا زیاتر لە 21 هەزار تۆن قیریان لە چاککردنەوەی شەقام و رێگە سەرەکییەکانی سنووری پارێزگای هەولێردا بەکارهێناوە.
ئەندازیار عیماد محەممەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر میوانی "بەرنامەی مژار" بوو، کە رۆژانە محەممەد رەحیم لە رادیۆی رووداو پێشکێشی دەکات، لەم بەرنامەیەدا باسی کەرتی رێگەوبان و چاککردنەوەی رێگەکانی پارێزگای هەولێر کرا. ئەو ئەندازیارە گوتی، هۆکاری تێکچوونی بەشی زۆری رێگەکانی دەرەوەی شار و نێوان شارەکان ئەوەیە، پۆلێنبەندیی ئەو رێگایانە بۆ هاتووچۆی بازرگانی نییە، بەڵام لە ناچاریدا بەکارهێندراون، بۆیە خراپ بوون.
رێگەی مامە جەلکە – هیران یەکێکە لەو رێگایانەی زۆرترین گلەیی شۆفێرانی بارهەڵگر و دانیشتووانی گوندەکانی ئەو سنوورەی لەسەرە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی رێگەکە تێکچووە.
بەڕێوەبەری چاککردنەوەی رێگەوبانی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، "لەسەر رەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سبەی 26ی حوزەیران بەردی بناخەی پرۆژەی چاککردنەوەی رێگەی هیران - مامە جەلکە دادەنرێت بە گوژمەی سێ ملیار و 500 ملیۆن دینار، ئەم پرۆژەیە پارەکەی ئامادەیە و جێبەجێ دەکرێت."
گوتیشی، "پرۆژەی رێگەی شکارتە - بالیسان، کۆمپانیای جێبەجێکار کاری تێدا دەکات و نزیکەی 30%ی جێبەجێ کراوە، ئەگەر گرفتی نەختینەی بۆ دروست نەبێت، زووتر لە وادەی خۆی تەواو دەکرێت."
بە گوتەی عیماد محەممەد، خراپی و تێکچوونی رێگەوبانەکان لە هەرێمی کوردستان هۆکارەکەی ئەوەیە، لە ماوەی رابردوودا قەیرانی دارایی هۆکار بووە بۆ ئەوەی نەتوانرێت وەکو پێویست کاری نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی ریگەوبانەکان جێبەجێ بکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە ماوەی رابردوودا رێگەی سماقووڵی نۆژەنکرایەوە، بەڵام دانیشتووانی سنوورەکە رێگەکەیان گرتووە، "پێشنیازی ئێمە وەکو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئەوەیە، ریگەی پردێ بەکاربهێندرێت بۆ بارهەڵگرەکان و هاتووچۆی بازرگانی."
لەبارەی نۆژەنکردنەوەی شەقام و رێگە سەرەکییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، عیماد محەممەد گوتی، "لەدوای کۆتایی وەرزی بارانبارین، ئەم ساڵ هەڵمەتێکی باشمان بۆ چاککردنەوەی رێگە سەرەکییەکان کرد، بە شێوەیەک زیاتر لە 21 هەزار تۆن قیرمان بۆ چاککردنەوەی رێگەکان بەکارهێناوە، لەوانە: رێگەی گوێر، مەخموور، خەبات، کەورگۆسک - ئیفراز و پردێ."
بەڕێوەبەری چاککردنەوەی رێگەوبانی هەولێر گوتیشی، ئێستا نزیکەی 47 پرۆژەمان هەن لە قۆناخی جێبەجێکردنن.