رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی لجێ و چوار کەسی دیکە لە ئامەدی باکووری کوردستان دەستگیرکران.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 25ـی ئایاری 2024، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە شارۆچکەی لجێی سەر بە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامدا. هێزەکان هەڵیانکوتایە سەر چەندین شوێن و پێنج کەسیان بە تۆمەتی بانگەشەکردن بە تیرۆر دەستگیرکرد.
یەکێک لەو کەسانەی دەستگیرکرا فورات دەمیر، هاوسەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی لجێ بوو.
پارێزگای ئامەد لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماریی لە ئامەد لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە کەیسی پەکەکە/کەجەکە ئەنجامدراوە.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا کە رۆژی 31ـی ئاداری 2024 بەڕێوەچوو، دەم پارتی 11 هەزار و 169 دەنگ و بە بەدەستهێنانی 86.08٪ی دەنگەکان لە شارۆچکەی لجێ سەرکەوت. ئاکپارتی هەزار و 183 دەنگ و رێژەی 9.12٪ی دەنگەکانی بردەوە.
دەم پارتی لەسەر ئاستی تورکیا بە دوو ملیۆن و 625 هەزار و 588 دەنگ و رێژەی 5.70٪ی دەنگەکان براوەی سێیەمی هەڵبژاردنەکە بوو و سەرۆکایەتیی 10 شارەوانیی شارەکانی بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ