شاخەوان عەبدوڵڵا: ئەگەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە دەستکاری بکرێت، رێگە بە کۆبوونەوە نادەین

رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هەوڵی دەستکاریکردنی مادەکانی 13 و 14ـی پڕۆژەیاسای بودجە دەدرێت کە پەیوەندی بە پشکی هەرێمی کوردستانەوە هەیە و ئەوانیش رێگە بە دەستکارییەکە نادەن.
 
رۆژی پێنجشەممە 25-05-2023، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە بەغدا قسەی بۆ هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند ''ئەگەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا دەستکاری بکرێت، رێگە بە کۆبوونەوە نادەین''.
 
شاخەوان عەبدوڵڵا لەبارەی کاتی گەیشتنی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق گوتی، گەنگەشەکان تاوەکو ئێستا بەردەوامن و لیژنەی دارایی لە کارەکانی خۆی تەواو نەبووە و لە مادەکانی پڕۆژەیاسای بودجەدا تەنیا مادەی 13 و 14 ماون، پەیوەستن بە پشکی هەرێمی کوردستانەوە.
 
پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى 2023ـی عێراق قەبارەکەى زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا بە رێژەی 12.6٪ دیاریکراوە، کە دەکاتە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینار.
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەکات، هەوڵی دەستکاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە دەدرێت، ''بەڵام ئێمە رێگە بە دەستکاری نادەین، چونکە ئەمە بەرهەمی گفتوگۆی نێوان دوو حکومەتە لە ماوەی چەند مانگێکدا، زۆر بە راشکاوانەش لە کۆبوونەوەدا پێمگوتوون؛ دەکرێت هەندێک مادە دەستکاری بکرێت، بەڵام ئەم دوو مادەیە پێش ئەوەی بابەتێکی دارایی بن، رەهەندێکی سیاسییان هەیە''.
 
بەگوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، هەندێک لە پەرلەمانتاران کۆمەڵێک پێشنیازیان خستووەتەڕوو بۆ ئەوەی دوو مادەکان هەموار بکرێنەوە، بەڵام پێشنیازەکانیان رەتکردووەتەوە، دەشڵێت ''ئەگەر رێککەوتن لەسەر هەردوو مادەکەی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان بکرێت، پێموایە لە یەک دوو رۆژی داهاتوودا پرۆسەکە تەواودەبێت''.
 
شەوی رابردوو، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی کرد و دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، پرۆژەیاسای بودجە لە دوایین کارەکانیدایە، "لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئامادەیە ئەمڕۆ (پێنجشەممە) پرۆژەیاسای بودجە بداتە پەرلەمان".
 
سەبارەت بە وادەی دەنگدان بە پرۆژەیاسای بودجە، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی "پەنا بەخوا رۆژی شەممە پەرلەمان دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجە دەدات".
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەگەر ناکۆکییەکان لەسەر مادەی 13 و 14 تەواو نەبن ''رێگە نادەین دانیشتنی پەرلەمان بکرێت، ئەم بابەتە دەبێت پێشتر یەکلایی بکرێتەوە، پەرلەمان جێگەی یەکلاییکردنەوەی ئەم بابەتانە نییە و ئەگەر ناکۆکییەکیش لەنێوان هێزە سیاسییەکان لەوبارەوە هەبێت، دەبێ پێش دانیشتنی پەرلەمان، چارەسەر بکرێت''.
 
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، پشکی هەرێمی کوردستان لە مادەی 12ـدا باسکراوە و ئەو مادەیەش تێپەڕێندراوە، ''بە هیچ شێوەیەک دەستکاری نەکراوە، بەڵام هاتوون هەندێک بڕگەی دیکەیان زیاد کردووە، بۆ نموونە پێنج بڕگەیان بۆ مادەی 14 زیادکردووە، کە پێچەوانەی دەستوورە و پێچەوانەی رۆحی رێککەوتنە''.
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عیراق یەکێک لە بڕگەکان کە بۆ مادەی 14 زیادکراوە بە نموونە دێنێتەوە کە ''ئەگەر نەوتی هەرێمی کوردستان نەفرۆشرێت، لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت''، کە وەک خۆی دەڵێت، ئەمە پێچەوانەی دەستوور و یاسا و رێککەوتنە و بەشێک لە شیعەکانیش دژ بەو بڕگەیەن.
 
دوای بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتیی پاریس، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 25ـی ئاداری 2023ـوە راگیرا، شاخەوان عەبدوڵڵا لەوبارەوە گوتی، هەموو رێکارە یاساییەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵییەوە تەواو بوون و بە فەرمی داوا لە تورکیا کراوە، هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە، ئێستا تەنیا لایەنی تورکیا ماوە کە رەزامەندی لەسەر هەناردەکردنەکەی دەرببڕێت.
 
هەندیک لە پەرلەمانتاران باس لەوە دەکەن پشکی پاسەوانی سنوور و لیوای 20 لە هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجە دەرکراوە، شاخەوان عەبدوڵڵا ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت ''وەکو خۆی ماوەتەوە و ئەوە بەشێکە لە رێککەوتنەکەمان و بەوشێوازە تێپەڕیوە و هیچ دەستکارییەکیش نەکراوە، تەنیا پڕوپاگەندەی هەندێک لە پەرلەمانتارانە، کە دەڵێن دەستکاریکراوە''.
 
"دوای تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجە، یەکەم کۆبوونەوەی لیژنە مادەی 140ـی پەرلەمان دەکرێت"
 
دوای نۆ ساڵ لە راگرتنی قەرەبووکردنەوەی مادەی 140، چەکی وەرگرتنەوەی قەرەبوو بۆ 100 خێزان لە کەرکووک کراوە، جێگرەکەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەیدا، دوای تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجە، یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی مادەی 140ی پەرلەمانیش دەکرێت.
 
لیژنەی باڵای مادەی 140 لە هەشت ئەندام پێکهاتووە، کە یەکێکیان کوردە؛ بەپێی دەستووری عێراق کە ساڵی 2005 بە زۆرینەی دەنگی خەڵکی عێراق پەسند کرا، دەبوو تاوەکو 31-12-2007 مادەی 140 جێبەجێ بکرێت، کە لە سێ قۆناخ پێکدێت، ئاساییکردنەوە و سەرژمێری و گشتپرسی، بەڵام دوای 18 ساڵ، تەنیا بەشێکی قۆناخی یەکەمی مادەکە جێبەجێ کراوە.
 
لەبارەی تەعریب و دەستبەسەرداگرتنی زەویی کورد لە کەرکووک لەلایەن هەندێک هێز و لایەنەوە، شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی، ''بەردەوام لەسەر هێڵین و لە کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیش باس دەکرێت''؛ دەشڵێت، هەرکات حاڵەتێکی وا روودەدات، لەگەڵ سەرۆکوەزیران قسە دەکەن و هەوڵی راگرتنی دەدرێت.
 
بەگوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا دوێنێ چوارشەممە لەسەر ئەم بابەتە، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە کراوە و هەر سێ پێکهاتەی تورکمان، کورد و عەرەب لە بەغدا ئامادەی کۆبوونەوەکە بوونە.
 
چێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێیوایە باشترین چارەسەر بۆ ئەم گرفتە، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی حیزبی بەعسە کە هەر بەپێی ئەم بڕیارانە، دەستبەسەرداگرتن و تەعریبکردنی زەویوزاری کورد لە کەرکووک دەکرێت.
 
دوێنێ چوارشەممە، رێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی بڕیارەکانی سەردەمی بەعس کە هێشتا لە عێراق کاریان پێدەکرێت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لە عێراق 5 هەزار و 903 بڕیاری ئەنجوومەنی هەڵوەشاوەی شۆڕشی سەر بە بەعس هەیە و بەشی هەرە زۆریان کاریان پێدەکرێت".
 
شاخەوان عەبدوڵڵا ئەوەشی خستەڕوو، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە کاژێر 03:00 دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ کودەبێتەوە و دەڵێت، ''هەوڵە سیاسییەکان بۆ ئەوەن کە ئێمە مادەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجە چارەسەر بکەین و چۆن هاتووە، هەر وەکو خۆی بچێتە نێو پەرلەمانەوە''.