70 کۆمپانیا لە 10 وڵاتی جیهانەوە بەشداریی پێشانگەی هایتێکس لە هەولێر دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
پێشانگەی هایتێکس لە 16ـی مانگی داهاتوو لە هەولێر دەکرێتەوە کە تایبەتە بە تەکنەلۆژیای زانیاری و دنیای دیجیتاڵ، 70 کۆمپانیا لە 10 وڵاتەوە بەشداری تێدا دەکەن.
لە پێشانگەکەدا ئەو بەرنامانە نمایشی دەکرێن کە سیستەمی ئیداری و فەرمانگەکان بە ئەلیکترۆنی دەکەن، هەرچی فایل و زانیاریی دەسنووسی 100 ساڵی رابردوو هەیە هەمووی لە نێو سیستمە ئەلیکترۆنییەکەدا دەپارێزێ، فەرهەنگ برادۆستی رێکخەری پێشانگەکەیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە پێشانگەکەدا کۆنفرانسێک هەیە چەندین بابەتی گرنگ دەخرێنە بەرچاو بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی دامەزراوەکانی حکومەت.
تاوەکو ئێستا فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پشت بە شێوازی کۆن دەبەستن بۆ دۆکیمێنتکردنی زانیاری، قایمقامی هەولێر ساڵانە زیاتر لە 70 هەزار واژۆ لەسەر مامەڵەی خەڵک دەکات، ئەگەر سیستەم بکرێتە ئەلیکترۆنی ئەم هەموو واژۆیە نامێنێ.
بەپێی چەند ئامارێک ساڵانەی زیاتر لە 70 هەزار واژۆ لە ژوورێکی قایمقامییەتی هەولێر بۆ راییکردنی مامەڵەکان دەکرێت. لە قایمقامی هەولێرمان پرسی بەدیتجیتاڵکردن و بە ئەلیکترۆنیکردنی سیستەمی کارگێڕی چ سوودێکی بۆ خەڵک و حکومەتیش دەبێت.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامییەتی قەزای ناوەندی هەولێر لەو بارەوە رایگەیاند، فەرهەنگ رێکخەری ئەمساڵی پێشانگەی هایتێکسە. هایتێکس ئەمساڵ جیا لە بواری سەرەکی کە تەکنەلۆژیای زانیارییە نەخشەڕێگەی جیاوازیان داڕشتووە بۆ سیستەمی کارگێڕیی و پەرەپێدان بە دیجیتاڵکردنی کاروباری حکومەت و سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان.
کاردۆ دلێر، شارەزایەکی بەبازاڕکردنی دیجیتاڵی دەڵێت، زیاتر لە 70 کۆمپانیا و سەرووی 100 براند بەشداریی پێشانگەی هایتێکسی 2021 دەبن. دوایین دەستکەوتەکانی تەکنەلۆژیای زانیاری، نوێترین پرۆگرامەکانی دونیای دیجیتاڵ و پێشکەوتنەکانی بواری بەدیجیتاڵکردنی سیستەمی بانکی و کارگێڕی دەخرێنەڕوو.