چوار وەزیر بۆ قسەکردن لەبارەی کوشتن و خۆکوشتن دەچنە پەرلەمانی کوردستان


رووداو دیجیتاڵ 

سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەک رێکخراوی بواری ژنان، دامەزراوە و دادوەری تایبەت بە کەیسەکانی خێزان لە هەرێمی کوردستان هەن، زۆری رووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتن لەماوەی ئەمساڵدا وایانکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان بێتە سەرهێڵ. پەرلەمانی کوردستانیش لەوبارەوە گفتوگۆ لەگەڵ چوار وەزیری پەیوەندار دەکات.
 
تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان تەرخانکراوە بە خستنەڕوو و گفتوگۆكردنی دیاردەی "تاوانەكانی كوشتن بەگشتی و كوشتنی ئافرەت و خۆكوشتن."
 
تووندوتیژییەکانی جەستەیی، دەروونی و ئابووری لە جۆر و شێوازە باوەکانن لە کۆمەڵگەی کوردییدا.
 
ئاری رەفیق، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان و خێزان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کاتێک ئەو کۆبوونەوانە ئەنجامیان دەبێت کە دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە بڕیار هەبێت. "یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکانیش" دروستکردنی لیژنەیە بۆ پێداچوونەوە بە ئەدای ئەو دامەزراوانەی کە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکانی کوشتن، لێکۆڵینەوە و بڕیارەکانی گرتن دەکەن. 
 
کۆبوونەوەکەی پەرلەمان لەکاتێکدایە، لە 5ـی ئایاردا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنانی کرد، تێیدا چەند بڕیار و راسپاردەیەک بۆ سنووردارکردنی تووندوتیژی دژی ژنان تاوتوێکرا. داواش لە دەزگاکانی راگەیاندن کرا هاوکار بن و نەبنە سەکۆیەک بۆ هاندانی تووندوتیژی و زیاتربوونی دیاردە کۆمەڵایەتییە نەشیاوەکان.
 
بەگوێرەی کەیسەکان کە لای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی دژی ژنان و خێزان تۆمارکراوە، لە چوار مانگی سەرەتای ساڵی 2021دا، چوار ژن کوژراون، 26 ژن خۆیان کوشتووە، 30 ژن خۆیان سووتاندووە، 3867 سکاڵا تۆمارکراون و 37 دەستدرێژیی سێکسیش تۆمارکراون.
 
ژمارەیەکی زۆری خۆکوشتن و کوشتنەکان لە پارێزگای دهۆک، ژمارەیەکی زۆری دەستدرێژییە سێکسییەکان لە پارێزگای سلێمانی و ژمارەیەکی زۆری خۆسووتاندنەکان و سکاڵاکانیش لە هەولێر تۆمارکراون.
 
شادی نەوزاد، جێگری سەرۆکی لیژنەی داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "لە هەندێک لە هەواڵەکاندا زانیاریی زۆر وردە دەبیندرێت لەبارەی دۆسیێکان، نابێت هەموو شتێک بۆ راگەیاندن بێت و نابێت دەروونی تاک هیلاک بکرێت بەو هەواڵە نەرێنییانەوە."
 
هەندێک هۆکار کاریگەرییان لەسەر زیادبوونی تووندوتیژییەکان دژی ژنان هەبووە، لەوانەش خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، زاڵیی هزر و نەریتی خێڵەکی و جێبەجێنەکردنی یاسا بە تەواوی بەسەر تۆمەتباراندا. 
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە ساڵی 2010 تاوەکو 2020، 490 ژن کوژراون، 612 ژن خۆیان کوشتووە، 73 هەزار و 15 ژن سکاڵایان تۆمارکردووە.