گوتاری مامۆستایەکی ئایینی لە هەولێر بەشێک لە پارێزەران تووڕە دەکات: پەشیمان نیم


رووداو دیجیتاڵ

لە سەرەتای ئەم ڤیدیۆیەدا گوتاری مامۆستای مزگەوتی شیفا لە دارەتووی هەولێر دەبینن کە بووە هۆی تووڕەکردنی بەشێک لە پارێزەران. بەوهۆیەوە ژمارەیەک پارێزەر چوونە بەردەم دادگە و سکاڵایان لەسەر ئەو مامۆستایە تۆمارکرد. مامۆستاکەش دەڵێت، پەشیمان نییە.
 
سیروان سوسەیی، پارێزەرە و بە رووداوی گوت، "[مامۆستاکە] دەڵێت من خەڵکێکی زۆرم لەگەڵە ئەوانەی کە خەڵکیان لێ کوژراوە و کارەکە لەوەی ئێستا هەیە گەورەتر دەبێت، زۆر کەسیشم لەگەڵە هەتا رای دادوەریشم لەگەڵە، چەندین پارێزەریش پەیوەندییان کردووە و ئەوانیش دێن."
 
محەممەد مەنتک، پارێزەری تۆمەتبارەکەش باس لەوە دەکات، "یاسا رێگەی پێداوین مافی بەرگری کردنمان هەیە لە تۆمەتبار، چونکە تۆمەتبارەکە تاوەکو لەسەری ساخ نەبێتەوە، دیار نییە کە تاوانبارە یان نا."
 
مەلا عومەر دارەتوویی، ئەو کەسەی بووە هۆی تووڕەبوونی بەشێک لە پارێزەران دەڵێت، لە مانگی شوباتی 2022 کوڕێکی کوژراوە و شەش مانگ بە دوای کاری دادگەوە بووە. دەشڵێت، گوتارەکەی لەبەر کوژرانی کوڕەکەی نییە، بەڵکو پێیوایە راستییەکە و لە مینبەری مزگەوت باسی کردووە.
 
مەلا عومەر بە رووداوی گوت، "بەهیچ شێوەیەک یەک هەڵە لە گوتارەکەی من نییە و نە لێشی پەشیمانم، بەردەوامیش دەبم لە سەر ئەو قسانە و نەشبوونەیتە هۆکاری تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگە، بەڵکو چاکردنیەتی."
 
پرسێک کە قسەی زۆری لەبارەوە کرا، بوو بە دۆسیەیەکی فەرمی لە دادگەی هەولێر و رێرەوی یاسایی دەگیرێتە بەر بۆ یەکلابوونەوەی.