کەجەکە: پێویستە هەڵوێستی پارتی لەبارەی هێرشەکانی تورکیا روون بێت
رووداو دیجیتاڵ
لە درێژەی ئۆپەراسیۆنی چڕنووک کە تورکیا لە ساڵی 2019 دەستیپێکرد، رۆژی هەینی ئۆپەراسیۆنێکی بەناوی چڕنووکی برووسکە - چڕنووکی هەورەتریشقە دەستپێکرد و ماوەی سێ رۆژە ناوچەکانی سنووری مەتینان، ئاڤاشین و زاپ بەبیانووی بوونی گەریلاکانی پەکەکە بۆردوومان دەکات. کەجەکەش رەخنە لە حیزبە کوردییەکان دەگرێت کە "هەڵوێستی روونیان" نییە.
هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە ئاماژەی بەوەدا کە بێدەنگیی هەندێک لە هێزە کوردییەکان لە سەروویانەوە پارتی دیموکراتی کوردستان، "بە واتای رەوایەتیدان و پەسندکردنی ئەو هێرشانەیە." دەشڵێت، "گەلی کورد چاوەڕێی هەڵویستی روونی پارتی دیموکراتی کوردستانە."
راگەیێندراوەکەی هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوکراوەتەوە تێیدا هاتووە، "دەوڵەتی تورکیا پشتیوانی و پەسندیی هێزە نێودەوڵەتییەکانیان وەرگرت، بێدەنگیی هەندێک لە هێزە کوردییەکان لە سەروویانەوە پارتی دیموکراتی کوردستان، بە واتای رەوایەتیدان و پەسندکردنی ئەو هێرشانەیە. لە هەر جێگەیەکەوە هێرش بکرێتە سەر کوردان، پێویستە هێزە سیاسییەکان و گەلی کورد ناڕەزایەتیی نیشان بدەن."
کەجەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کاتێک هێرش کرایە سەر باشووری کوردستان یان شوێنەکانی دیکە، "پەکەکە، گەریلا و گەلی کورد دەستبەجێ هەڵویستیان نیشاندا و بەرامبەری وەستانەوە، ئەوەش واتای ئەوەیە، لە بەرامبەر هێرشێکی بەو شێوە بەرفراوانەدا، پارتی بە ئاشکرا بەرامبەری نەوەستاوەتەوە."
ماوەی سێ رۆژە هێرشی فڕۆکەکانی تورکیا و جموجۆڵی سەربازیی سوپای تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی سەر بە ناحیەی کانی ماسێ بەردەوامە، تاوەکو کاژێر 04:00ـی بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممەش بۆردوومان و شەڕی فڕۆکە بەردەوامبوو. تورکیاش لە سێ قۆڵەوە چووە زناری کێستە و هێزەکانی لەو ناوچەیە جێگیر کردووە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیاش ئەمڕۆ ڤیدیۆی بۆردوومانی بارەگاکانی پەکەکەی بڵاوکردووەتەوە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چڕنووکی برووسکە - چڕنووکی هەورەتریشقە و دەڵێت، هێزەکانیان چوونەتە نێوجەرگەی پێگەکانی پەکەکە و ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوامە.
لە راگەیێندراوی کەجەکەدا کەجەکەدا باس لەوە کراوە کە "چاوەڕوانیی گەلی کورد ئەوەیە پارتی لە بەرامبەر داگیرکارییەکان هەڵوێستێکی روونی هەبێت، چونکە لەسەر ئەم بنەمایەدا تورکیا رەوایەتی پێدەدرێت و بە بێدەنگی خۆی لە بەرامبەر هێرشەکان ئەو داگیرکارییە پەسند دەکات و پشتیوانیی لێدەکات، ئەگەر پارتی و هێزە سیاسییەکانی کورد بەرامبەر ئەو هێرشانە بووەستنەوە، تورکیا ناتوانێت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پشتیوانی وەرگرێت و لەم ئاستەدا هێرش بکات."
زانیاری لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا