دابەشکردنی بەشەخۆراکیش دواکەوت؛ 'هاونیشتمانیان داوای برنج و رۆن بە قەرز دەکەن'

 
رووداو دیجیتاڵ

دابەشکردنی بڕە خۆراکی مانگی رەمەزان و بەشەخۆراکی مانگانەش دواکەوتووە. بریکارێکی خۆراک دەڵێت، خەڵک سەردانی دەکات و داوا دەکەن "رۆن و برنجیان بە قەرز پێبدەن،" کە بەشەخۆراک گەیشت دەیداتەوە. لایەنی پەیوەندیدار دەڵێن، لە سلێمانی خۆراک بۆ دابەشکردن ئامادەیە و لە هەولێریش هەفتەی داهاتوو دابەش دەکرێت.
 
بۆ ئەم رەمەزانە بڕیادراوە، هەموو خێزانێکی عێراق و هەرێمی کوردستان چوار جۆر خۆراکی تایبەتیان پێبدرێت، کە بریتین لە ئاردی سفر، ماکەرۆنی، نیشاستە و شەعرییە، بەڵام ئەمڕۆ 15ی رەمەزانە و زۆرینەی خەڵک وەریاننەگرتووە.
 
کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە 25ی ئادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سلێمانی بەسەر 10 مەڵبەنددا دابەشکراوە، دابەشکردنی بەشەخۆراکی تایبەت بە مانگی رەمەزان لە پێنج مەڵبەند تەواو بووە و لەوانی دیکەش بەردەوامە، بەڵام لە چوار مادەکە سێیان بەردەستە و ئاردی سفر نەگەیشتووە.
 
ئەم ساڵ دابەشکردنی بەشەخۆراک لە هەرێمی کوردستان و عێراق یەکخراوە. بە گوتەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئەگەر جیاوازییەک لەکاتی دابەشکردندا هەبێت، ناگاتە هەفتەیەک و هۆکار رێکارە کارگێڕییەکانە.
 
لە هەولێر دابەشکردنی بەشەخۆراکی تایبەت بە مانگی رەمەزان دەستیپێنەکردووە. هەر ئەمڕۆ بەرپرسێکی باڵا لە بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی خۆراک لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەفتەی داهاتوو دوای پشکنینەکان، بەشەخۆراکی تایبەت بە رەمەزان کە چوار مادەن، دابەشکردنیان دەستپێدەکەین."
 
بەشەخۆراکی مانگی دوو دواکەوتووە
 
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 5 ملیۆن و 354 هەزار کەس مانگانە بەشە خۆراک وەردەگرن، بە گوتەی بریکارەکانی دابەشکردنی خۆراک، ئەم ساڵ بەهۆی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەوە خواست لەسەر دابەشکردنی بەشەخۆراک زیاتر بووە.
 
ئاوات سدیق، بریکاری دابەشکاری خۆراک لە سلێمانی ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "خەڵک لەم مانگەدا زۆر پێویستی بە بەشەخۆراکە، بەردەوام سەردانم دەکەن و دەپرسن بۆ نەهاتووە. خەڵک هەیە دەڵێت، کیلۆیەک برنجی نییە؛ هەیە دەڵێت، رۆنم نییە و چەند جارێک هاتووە کە نەبووە، دەڵێت بە قەرز بمدەرێ و بەشەخۆراک هات لێمان ببڕەوە؛ دۆخی خەڵک باش نییە و دیاریش نییە کەی دابەش دەکرێت."
 
ئەو بریکارە گوتیشی، بەشەخۆراکی مانگی رەمەزان هاتووە، بەڵام کەمە و بەشێکی هاونیشتمانیان ئامادە نین وەریبگرن، داوای برنج و رۆن و شەکر دەکەن و ئەوەیان پێویستترە.
 
لە هەولێر دابەشکردنی بەشێکی بەشەخۆراکی مانگانە دەستیپێکردووە. غازی قادر، بریکاری دابەشکردنی خۆراک لە شاری هەولێر ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەوەی دابەش دەکرێت شەکر، برنج، نیسک و لەتکە نۆکە، بڕیارە کۆتایی هەفتە رۆنی شل و دۆشاوی تەماتەش بگاتە دەستمان."
 
ئەو دابەشکارەی خۆراک گوتیشی، تاوەکو ئەمڕۆ بەشەخۆراکی تایبەت بە مانگی رەمەزان بە ئەوان نەگەیشتووە بۆ دابەشکردن و پێدەچێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی دەستپێبکات.
 
"هۆکاری دواکەوتنی بەشەخۆراک بە ئەلیکترۆنیکردنی پارەی بریکارەکانە"
 
لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی بەشەخۆراکی مانگی دوو، کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی گوتی، "سەبەتەی خۆراکی مانگی دوو بە داتای مانگی سێ دابەش دەکرێت؛ لای ئێمە دابەشکردن دەستیپێنەکردووە، ئەویش بە هۆکاری رێکارە نوێیەکان، کە داواکراوە بریکارەکان پارەی بەشەخۆراک بە کارتی بانکی بگەڕێننەوە، ئەوەش بۆ هەرێمی کوردستان نوێیە و کێشەی دروستکردووە."
 
بە گوتەی کامەران فەتاح، بانکێکی ئەهلی بڕیاریداوە خۆی لە فەرمانگەکەیان هەژماری بانکی بۆ سەرجەم بریکارەکان بکاتەوە و کێشەکان بۆ مانگەکانی داهاتوو دووبارە نەبنەوە. گوتیشی، "هەموو جۆرەکانی خۆراک لە کۆگە ئامادەیە و رێکارەکان دابەشکردنی دواخستووە."
 
لە سنووری پارێزگای سلێمانی دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس بەشەخۆراک وەردەگرن، هەروەها لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە ملیۆنێک و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن.