لە هەرێمی كوردستان پێنج بۆ هەشت كاژێر كارەبای نیشتمانی دەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، لە مانگی ئاداردا لە هەولێر کەمتر لە شەش کاژێر و لە سلێمانی و هەڵەبجە شەش کاژێر و نیو کارەبای نیشتمانیی هەبووە، هەروەها لە دهۆک زۆرترین کارەبای نیشتمانیی هەبووە کە زیاتر لە هەشت کاژێرە.
بەگوێرەی رووپێوییەکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە حەوت هەزار موەلیدەی ئەهلی هەن و کارەبا دەدەنە هاوبەشانیان. بەگوێرەی بەدواداچوونەکەی رووداو، لەم مانگەدا نزیکەی سێ چارەگی کارەبا لەلایەن موەلیدەکانەوە دابینکراوە.
بەگوێرەی داتای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، ئەم مانگە بە تێکڕا رۆژانە شەش کاژێر و نیو کارەبای نیشتیمانی دراوەتە هاوبەشان، جگە لەو جێگایانەی "تایبەتمەندیی" زیاتریان هەیە و کارەبای زیاتریان هەبووە.
لە سلێمانی بەگوێرەی گەڕەکەکان، نرخی ئەمپێری موەلیدە جیاواز دەبێت. عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بە رووداوی گوت، ئەم مانگە بەهۆی پارشێوەوە موەلیدەکان زیاتر کاریان کردووە و زۆرینەی گەڕەکەکان بەگوێرەی خشتەی کارپێکراو بۆ ئەم مانگە، کرێی ئەمپێرێکیان لە دەروربەی 13 هەزار دینار دەبێت.
بەگوێرەی داتای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبا بۆ رووداو، لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لەم مانگەدا هاوشێوەی سلێمانی تێکڕا شەش کاژێر و 30 خولەک کارەبای نیشتمانیی هەبووە. دوێنێ یەکشەممە لەو سنوورانە شەش کاژێر و 27 خولەک کارەبای نیشتمانیی هەبووە.
زوهرە یوسف، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان لە قایمقامییەتی هەڵەبجە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، موەلیدەی 24 کاژیری لە سنوورەکەیان نییە و ئەوانەی هەن بەگوێرەی خشتە کارەبا دەدەنە هاوبەشان و تاوەکو ئەمڕۆ نازانن چەند کاژێر کاریان کردووە.
کارەبای هەولێر کەمترین و دهۆک زۆرترین کارەبای نیشتمانی هەبووە
لە هەولێر کارکردنی موەلیدە ئەهلییەکان بە خشتەی جیایە، هەندێک لە 27 رۆژی رابردوودا 280 کاژێر کارەبایان داوە، بەڵام ئەوانەی لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا کار بە موەلیدە بەشێوەی 24 کاژێری دەکەن، نزیکەی 490 کاژێر کارەبایان داوە.
خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ ناتوانین نرخی ئەمپێر دیاری بکەین، چونکە کات زۆر ماوە".
بەگوێرە کاژێری کارپێکردنی ئەو موەلیدانە بێت کە 24 کاژێر لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا لە هەولێر کاریان کردووە و لە 27 رۆژدا 490 کاژێر بووە، بە تێکڕا رۆژانە 18 کاژێر و 14 خولەک کاریان کردووە و تەنیا 5 کاژێر 46 خولەک کارەبای نیشتمانیی هەبووە.
بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە، زۆرترین کارەبای نیشتمانی لە دهۆک دراوەتە هاوبەشان، کە رۆژانە زیاتر لە هەشت کاژێر بووە.
هەکار هرووری، بەرپرسی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە دهۆک، لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا بە شێوەی 24 کاژیری موەلیدەکان کارەبا دابین دەکەن، ئەم مانگە رۆژانە 15 بۆ 16 کاژێر موەلیدەکان کاریان کردووە.
ئەوە لەکاتێکدایە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئەمڕۆ وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان هیچ داتایەکی سەبارەت بە پێدانی کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی بڵاو نەکردووەتەوە.
لەکاتی کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانیدا، بەگوێرەی کاژێرەکانی کارکردن نرخی ئەمپێری موەلیدە دیاری دەکرێت. مانگی رابردوو لە هەولێر کەمترین نرخی ئەمپێر 12 هەزار و زۆرترین 21 هەزار دینار بوو، لە دهۆک 19 هەزار و لە هەڵەبجەش 14 هەزار دینار بوو، لە سلێمانی زۆرینە کە ماڵانن 11 هەزار و 750 دینار و بازرگانیش 16 بۆ 17 هەزار دینار بوو.
بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 3 هەزار و 500 میگاواتە، ئەو بڕە دەدرێت کەرتی تایبەت و زیاتر لە ملیۆنێک و 900 هەزار هاوبەش.