ساڵانە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 300 هەزار تۆن خورما دەفرۆشرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا خواست لەسەر خورما زیاد دەکات و هاونیشتمانییان وەک پێداویستییەکی سەرەکیی مانگەکە لەسەر سفرەکانیان جێی دەکەنەوە. 50٪ـی ئەو خورمایەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێن، عێراقین.
مەلا مەجید، دووکاندارە لە عەلوەی هەولێر و بە رووداوی گوت، "کە رەمەزان هات بازاڕ پڕ دەبێت لە کڕیاری خورما و ئەوەندەی بڵێی دەفرۆشرێت، چونکە هەموو رۆژووەوانێک بەربانگ بە خورما دەکاتەوە."
ساڵانە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 300 هەزار تۆن خورما دەفرۆشرێت. 31 جۆری خورما لە بازاڕدا هەیە، 16 جۆریان عێراقی و جۆرەکانی دیکە لە وڵاتانی سعودیە، ئیمارات، ئێران، عومان، فەلەستین، قەتەر و ئیسرائیل هاوردە دەکرێن، نرخی یەک کیلۆی خورما لە هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 20 هەزار دینار.
ئازاد یوسف، کڕیاری خورمایە و دەڵێت، "عێراقییەکە زۆر دەفرۆشرێت و من هەمیشە بۆ دووکانەکەم شەش جۆری دەبەمەوە و رۆژانە هەمووی دەفرۆشرێت."
عومەر نەجمەدین، کڕیارێکی دیکەی خورمایە و ئاماژە بەوە دەکات، "چوکلاتەکەی تاوەکو بڵێ خۆشە و بازاڕی باشە، من هاتووم کە لەویان بکڕم کە لە جۆرێکی عێراقییە."
کاوە کەریم، کڕیارە و گوتی، "گرانیان کردووە لەگەڵ پێش رەمەزان دوو سێ هەزار دیناری چووەتەسەر، بۆ نموونە مەریەم بە 25 بوو ئێستا بە 27 هەزار دینارە.'
لە مانگی رەمەزاندا کاری زۆربەی بازرگانی خۆراک هێنانی خورمایە. شێخ مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی کوردستان رایگەیاند، "ماوەی دوو ساڵە عێراق هاوردەکردنی خورمای قەدەخەکردووە، بەڵام بە قاچاخ و لە رێگەی سنوورەکانەوە دێتە هەرێمی کوردستان و رەمەزان فرۆشی باشە."
رۆژانە دەیان تۆن خورما لە عەلوەی شارەکانەوە دەخرێنە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانەوە. کاتێک رۆژ بەرەو ئاوابوون دەچێت، کڕیاری زۆری خورما لە فرۆشیار کۆدەبنەوە.