بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکانی 'پڕۆژەی رووناکی' گلەیی لە گرانیی نرخی کارەبا دەکەن

25-02-2025
بەختیار قادر
بەختیار قادر
پسوولەیەکی کارەبای پڕۆژەی رووناکی بەدەست هاونیشتمانییەکی هەولێرەوە
پسوولەیەکی کارەبای پڕۆژەی رووناکی بەدەست هاونیشتمانییەکی هەولێرەوە
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

پڕۆژەی رووناکی لە هەولێر کارەبای 24 کاژێریی بۆ هاوبەشانی دابین کردووە، بەڵام نرخی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و نیگەرانیی لای خەڵک دروست کردووە، بە جۆرێک کە هەندێکیان دەڵێن، پارەکە ئەوەندە زۆرە وەکو ئەوەیە لە خانووی خۆیاندا کرێچی بن. داوا دەکەن حکومەت چارەسەرێک بۆ کێشەکە بدۆزێتەوە.
 
گەڕەکی شادی لە هەولێر، چوار مانگە لە پڕۆژەی رووناکی سوودمەندە و 24 کاژێر کارەبای هەیە، بەڵام زەبری گەورەشی لە گیرفانی خەڵک داوە و پارەیەکی زۆری کارەبایان بۆ گەڕاوەتەوە.
 
نیعمەت مستەفا کابانی ماڵە و پێشتر مانگانە 6 هەزار و زۆرترین پارەشی 14 هەزار بووە، بەڵام لە پڕۆژەی رووناکی مانگ دوای مانگ پارەکەی زیادی کردووە؛ دەڵێت، لەم پڕۆژەیە "مانگی یەکەم 10750 دینار، مانگی دووەم بووە 20 هەزار دینار و مانگی دواتر بووە 59 هەزار دینار."
 
گەڕەکی بەهاری نوێش بە پرۆژەی رووناکی رووناک کراوەتەوە؛ خێزانێکی 5 کەسی کە بە سۆپای نەوت ماڵەکەیان گەرم دەکەنەوە، سێ مانگە پارەی کارەبای 24 کاژێرییان بۆ دێتەوە، مانگی یەکەم 34 هەزار دینار بووە و مانگەکانی دیکە بۆ 9 هێندە زیاد بووە.
 
ئەسمەر شەریف، کابانی ماڵ دەڵێت، "مانگی یەکەم 225 بۆ 250 هەزار دیناری کارەبامان بۆ هاتەوە، مانگی دواتر 305 هەزار دینارمان بۆ هاتووەتەوە، کابرا وتی ئەوەندە پارەیە و ئێمەش گوتمان، نیمانە. جاری یەکەم رۆشت و قسەی نەکرد، بەڵام جاری دواتر هاتەوە و گوتی، پارەمان پێنەدەن کارەباکەتان دەبڕین. بە سێ کەس پارەمان خڕکردەوە تا تەواومان کرد."
 
بەراوردی پسوولەی کارەبای سێ مانگ لە ماڵێک کە رووبەری خانووەکەیان 100 مەترە و 5 کەسن، بەم جۆرەیە: مانگی یەکەم 47 هەزار و 301 دینار، مانگی دووەم 161 هەزار و 250 دینار و ئەم مانگەش 184 هەزار و 500 دینار بووە.
 
فارووق رەحمان، کاسبکار دەڵێت، "گڵۆپێک هەڵدەکەم، کە دێمە دەرەوە دەبێت بیکوژێنمەوە. گیزەر کاژێرێک بۆ کاژێر و نیوێک هەڵدەکەم و دەیکوژێنمەوە. سەلاجە و موجەمیدەش دەکوژێنینەوە و دەڵێین با پارەی کارەبامان زۆر بۆ نەیەتەوە. ئەگەر بەم شێوەیە بێت، وەکو ئەوەیە کرێ خانوو بدەین."
 
ژمارەیەک سەرۆک خێزان لە 5 لەو گەڕەکانەی کارەباکەیان بووەتە 24 کاژێری، بەراوردی پسوولەی پێش پرۆژەی رووناکی و ئێستا دەکەن. محەممەد مەلا، کاسبکار دەڵێت، "پێش پڕۆژەی رووناکی زۆر بە جوانی ئەو کیلۆواتەی لەسەر کاتژمێرەکانی کارەبا هەیە نووسراوە و لێکدانی 18ی دەکەیت، لەسەر ئەم پسوولەیە دیارە کە 7000 دینار هاتووەتەوە؛ بەڵام پاش پڕۆژەی رووناکی، هیچ شیکردنەوەیەک ناکرێت کە لەو 18 دینارە بووەتە چەند، بەڵام ئەگەر بە حساباتی خۆمان حساب بکەین، بۆ ئەو مانگە ئەو پسوولەیە 1715 کیلۆواتە و 260 هەزار و 750 دینار هاتووەتەوە، ئەگەر دابەشی ئەو کیلۆواتەی بکەیت دەکاتە 152 دینار بۆ هەر کیلۆواتێک."
 
ژمارەیەک لە ئەندازیارانی کارەبا بەدواداچوونیان بۆ نرخی کارەبای پرۆژەی رووناکی کردووە بە ئەمپێر و نرخی یەک ئەمپێری مانگانە بڕی 13 هەزار دینارە، دوو ئەمپێر 28 هەزار، 3 ئەمپێر 41 هەزار، 4 ئەمپێر 80 هەزار، 5 ئەمپێر 122 هەزار، 6 ئەمپێر 147 هەزار، 7 ئەمپێر 172 هەزار، 8 ئەمپێر 190 هەزار، 9 ئەمپێر 221 هەزار و 10 ئەمپێریش 245 هەزار دینارە؛ ئەگەر خێزانێك مانگانە 20 ئەمپێر کارەبا بەکاربێنێت 490 هەزار دیناری بۆ دێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو بازاڕەی شارەوانیی کەلار دەڵێت تێکی دەدەن

شارەوانیی کەلار: بازاڕی سەنتەری شار تێکدەدرێ و دووکانداران قەرەبوو دەکرێنەوە

شارەوانیی کەلار 262 دووکانداری بازاڕی سەنتەری شارەکەی ئاگادار کردوونەتەوە، دووکانەکانیان چۆڵبکەن کە بە دووکانی گەنمفرۆشان ناسراون. دووکانداران ناڕازین و دەڵێن، شوێنی نوێ گونجاو نییە بۆ کار. 130 دووکاندار کرێچین و داوا دەکەن بێکار نەکرێن. شارەوانیی کەلار دەڵێت، هیچ دووکاندارێک بێکار ناکرێ و قەرەبوو دەکرێنەوە.