بەهۆی کەڵەکەبوونی قەرز، لە ئاکرێ کارەبای چەندین ماڵ و دووکان دەبڕدرێت

رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری ئاکرێ، چەند هاونیشتمانییەک پەیوەندییان بە رووداو کردووە و دەڵێن، نزیکەی 400 هاوبەشی کارەبا بەهۆی کەڵەکەبوونی قەرز، کارەبایان بڕاوە. بەڕێوەبەری کارەبای دهۆکیش دەڵێت، "هاوبەشەکان پێشوەختە ئاگاداردەکرێنەوە."
عەونی عومەر، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی قەزای ئاکرێیە لە پارێزگای دهۆک و بە رادیۆی رووداوی گوت، "بەهۆی ئەوەی قەرزی کارەبا لەسەرمان کەڵەکە بووە، دوێنێ لەلایەن فەرمانگەی کارەباوە، کارەباکەمان بڕاوە و دەڵێن دەبێت لەماوەی ساڵێکدا هەموو قەرزەکە بدەنەوە."
ئەو هاونیشتمانییە پیشەی پۆلیسە و بە گوتەی خۆی 5 ملیۆن و 225 هەزار دیناری قەرزی کارەبای لەسەرە "لەم دۆخە سەختەشدا پێمان دەڵێن، دەبێت مانگانە 500 هەزار دینار قەرز بدەنەوە، بەڵام ناتوانین ئەو پارەیە بدەین، داواکارین لێخۆشبوون بۆ بەشێکی قەرزەکانمان بکرێت و ماوەی قیستەکانیشمان بۆ زیاد بکرێت، چونکە هەموومان دۆخی مووچە دەزانین."
عەونی عومەر دەشڵێت، "تەنیا لە قەزای ئاکرێ، نزیکەی 400 هاوبەشی کارەبای ماڵان و دووکان بەهۆی کەڵەکەبوونی قەرزی کارەبا لەسەریان، کارەبایان بڕاوە."
"ماڵ هەیە 40 ملیۆن دینار قەرزی کارەبای لەسەرە"
رادیۆی رووداو بەدواداچوونی بۆ ئەو کێشەیە کرد؛ شاکر مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک بە رادیۆی رووداوی گوت، لەسەر ئاستی هەموو کوردستان، بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبا دەبێت پارەی قەرزی کارەبا کۆبکەنەوە، قەرزی زۆر لای هاوبەشانە و کارەبای هیچ شوێنێک لەناکاو نابڕدرێت، بەڵکو پێشوەختە چەند جارێک ئاگادار دەکرێنەوە بۆ دانەوەی قەرزەکانیان.
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک گوتیشی، "نزیکەی 290 ملیار دینار قەرزمان لای هاوبەشانی کارەبایە، ماڵ هەیە زیاتر لە 40 ملیۆن دینار قەرزارە. ئێمە قەرزی زۆرمان لای هاوبەشانە و بەردەوام ئاگاداریان دەکەینەوە کە قەرزەکانیان بگێڕنەوە."
شێوازی وەرگرتنەوەی قەرز لە ماڵ، دووکان و هاوبەشانی پیشەسازی جیاوازە
لەبارەی شێوازی گێڕانەوەی قەرزی کارەبا، شاکر مەحموود ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان هەوڵدەدەن کەمترین گوشار لە هاوبەشی ماڵان بکەن، بۆ کارئاسانی گێڕانەوەی قەرزی کەڵەکەبوو، قەرزی هاوبەشی ماڵان دابەشی 12 قیست دەکرێت، شوێنی بازرگانی دابەشی 6 قیست دەکرێت، بەڵام هاوبەشیی پیشەسازی بە یەک قیست لێیان وەردەگیرێتەوە.