پێنج ساڵ بەسەر شەهیدکردنی شیفا گەردی، پێشکێشکاری رووداو تێپەڕ دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
خەڵاتی جیهانی ساڵانەی شیفا گەردی، ئەو خەڵاتەی کە تۆڕی میدیایی رووداو لە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی شیفادا ساڵانە دەیداتە میدیاکارێکی سەرکەوتوو. تاوەکو ئێستا سێ خانمە میدیاکار توانیویانە ئەو خەڵاتە ببەنەوە، ئەمساڵیش خەڵاتەکە بە میدیاکارێکی دیکەی سەرکەوتووی جیهانی درا.
یەکەم خەڵاتی جیهانی ساڵانەی شیفا گەردی بەخشرایە رۆژنامەڤان جینان موسا لە تۆڕی "ئەل ئان" و خەڵاتەکەی لەلایەن فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی پێشووی کۆماری فەرەنساوە پێشکێشکرا.
جینان موسا ئەو کات گوتی: "بێگومان زۆر دڵخۆشم، هەرچەندە یادەکە خەمناکە، شیفا کەسێکی بوێربوو، رۆژنامەنووسێکی تێکۆشەربوو، شانازییە بۆ من خەڵاتێک دەبەمەوە کە بە ناوی ئەوەوەیە، من لە چەند شوێنی دیکە خەڵاتم پێدراوە، بەڵام ئەم خەڵاتە زۆر نزیکە لە دڵمەوە، چونکە دەزگایەکی کوردی رێز لە رۆژنامەڤانێکی عەرەب دەگرێت."
رووداو ئەو خەڵاتە بە رۆژنامەنووسێک دەدات کە سەختییەکی زۆری کێشابێت لەپێناو گەیاندنی پەیامەکەیدا. ئەروا دەیمن، رۆژنامەڤانی ئەمریکیی، بووە خاوەنی دووەمین خەڵات.
كۆمیتەی خەڵاتی جیهانیی شیفا گەردی، ئەلێکس کروفۆرد، پەیامنێری تەلەڤیزیۆنی سکای نیوزی بەریتانیی وەکو براوەی خەڵاتی شیفا گەردی بۆ ساڵی 2021 هەڵبژارد.
ئەلێکس کروفۆرد، پەیامنێری تەلەڤیزیۆنی سکای نیوزی بەریتانی دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە رایگەیاند: "ئەو ئیمێڵەی کە هەواڵی بەدەستهێنانی خەڵاتەکەی تێدابوو، رەنگە باشترین خەڵاتی من بووبێت لە ساڵی رابردوو، بۆیە زۆر سوپاستان دەکەم لە پێناو پێزانینتان بۆ من و تیمەکەم، ئەوە مانای زۆری هەیە بۆمن."
ئەمڕۆ هەینی كۆمیتەی خەڵاتی ساڵانەی شیفا گەردی رایگەیاند کە خەڵاتی چوارەمیان بەخشیوەتە لیس دووسێت، ژنە رۆژنامەڤانی کەنەدی و پەیامنێری بی بی سی.
لیس دووسێت لە پەیامێکدا بە بۆنەی وەرگرتنی خەڵاتەکەوە رایگەیاند، "لەکاتێکدا خۆزگەدەخوازم ئەمڕۆ لە هەولێربام، پێشموایە ئەگەر شیفا لە ژیاندا مابا، کە خۆزگەی هەموومانە، ئەوە ئەمڕۆ لەگەڵ هاوکارەکانی لێرە دەبوو، نەک تەنیا لە کیێڤ بەڵکو نزیکدەبووەوە لە بەرەی پێشەوەی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا. بە هەمان شێوە کە لە بەرەی پێشەوەی شەڕ بوو لە موسڵ لەو رۆژە مەرگبارەی ساڵی 2017دا."
دووسێت دەڵێت، "ئەگەر کەسانێک هەبن لە ئازار و سەختیی ژیان لەنێو شەڕ تێبگەن، ئەوە خەڵکی عێراق و کوردستانن. ئەگەر کەسانێک هەبن لەنێو شەڕێکی نەبڕاوەدا بژین و بە دراوسێی زلهێز دەورەدرابن و لە گرنگی رۆژنامەڤانیی سەربەخۆ تێبگەن، ئەوە خەڵکی کوردن."
خەڵاتی جیهانی ساڵانەی شیفا گەردی، لە رێورەسمێکدا و لە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی شیفا گەردیدا، بە ئامادەبوونی چەندان كەسایەتی لە كوردستان، عێراق، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان دەبەخشرێت.
شیفا گەردی، لەكاتی تۆماركردنی بەشێكی بەرنامەکەی، لە كاژێر 03:38 خولەكی ئێوارەی 25ـی شوباتی 2017 بەهۆی تەقینەوەی مینێكی چێنراوی داعش لەسەر چاڵی خەسفە، كە شوێنی تاوانكارییەكی داعش بوو، گیانی لەدەستدا.