ئەندامێکی شاندی یەکێتی: لەگەڵ پارتی لە رێککەوتنەوە نزیکین

رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی شاندی یەکێتی دەڵێت، لێکتێگەیشتن و بەرەوپێشچوونی باش لەگەڵ پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت هەیە و لە رێککەوتنەوە نزیکن.
رۆژی 21-01-2025 چوارەم کۆبوونەوەی لیژنەی تەکنیکیی پارتی و یەکێتی کرا، کە ئامانجی ئەو کۆبوونەوانە ئامادەکردنی رەشنووسێکە تایبەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
رۆژی شەممە، 25ی کانوونی دووەمی 2025، ئەندامێکی شاندی یەکێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەسەر زۆربەی خاڵەکانی تایبەت بە شێوازی بەڕێوەبردن رێککەوتووین، بەڵام هەندێک جیاوازییشمان ماوە."
بە گوتەی ئەو ئەندامەی شاندی یەکێتی، "تاوەکو ئێستا باسی دابەشکردنی پۆستەکان نەکراوە."
لەبارەی کۆبوونەوەی داهاتوویان، ئەندامەکەی شاندی یەکێتی دەڵێت، "بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بۆ پرسی مووچە و دوای گەڕانەوەی، لیژنەی تەکنیکیی پارتی و یەکێتی کۆدەبێتەوە."
کۆبوونەوەی داهاتوو دەبێتە پێنجەم کۆبوونەوە لەنێوان لیژنەی تەکنیکیی پارتی و یەکێتی. ئەو ئەندامەی شاندی یەکێتی دەڵێت، "بەرەوپێشچوونی زۆر باش هەیە و لە رێککەوتنەوە نزیکین؛ رەنگە هەر یەک کۆبوونەوەی دیکەمان پێویست بێت."
20ی کانوونی دووەمی 2025، هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان تایبەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بە رووداوی گوت: "لە رووی سیاسی و تەکنیکییەوە لەنێوان پارتی و یەکێتی و زۆربەی لایەنەکانی دیکە بەرەوپێشچوونی زۆر باش هەیە."
لیژنەی تەکنیکیی پارتی بە سەرۆکایەتیی پشتیوان سادق و ئەندامێتیی دڵشاد شەهاب و ئومێد سەباحە. شاندی یەکێتیش بە سەرۆکایەتیی رێواز فایەق و ئەندامێتی شاڵاو شێخ سەلاح و ئامانج رەحیمە.