چیرۆکی گەڕاندنەوەی رووفاتی سێ برای زیندەبەچاڵکراو لەلایەن داعشەوە؛ 'تەنیا خوا هەقمان بسەنێت'
رووداو دیجیتاڵ
دوای نۆ ساڵ، چارەنووسی سێ برا کە کەوتبوونە دەستی داعش، ئاشکرا بوو و دەرکەوت داعش زیندەبەچاڵی کردوون، رووفاتی هەرسێ براکە دوای پشکنین لە بەغدا گەیێندرانەوە دەست کەسوکاریان.
ماهیر 27 ساڵ، نووری 20 ساڵ و جیهاد ئیسماعیلیش 16 ساڵ بوو، هەرسێکیان بران و لە ساڵی 2014ـدا کەوتنە دەست داعش و، زیندەبەچاڵ کران. لەوکاتەوە بێ سۆراخ بوون و دایکیان هەر چاوەڕوان بوو بگەڕێنەوە، بەڵام لە کۆتاییدا ئێسکەکانیانی بۆ گەڕێنرایەوە و برینی ساڕێژنەبووی چەند ساڵەی دووبارە کولایەوە.
عیدێ خودێدا، دایکی ئەو سێ کوڕە لە مەراسیمی گەڕاندنەوە و بەخاکسپاردنی رووفاتی کوڕەکانی قسە بۆ رووداو دەکات، دەستی بۆ ئاسمان بەرزدەکاتەوە و، دەڵێ "تەنیا ئەوەندە دەڵێم خوا هەقمان بسەنێت، خوا هەقمان بسەنێت، ناتوانین هیچی دیکە بڵێین. ئەوە 10 رۆژ بۆ 15 رۆژە ئەوە حاڵمانە، تەنیا خوا هەقمان بسەنێت."
جگە لەو سێ برایە، چارەنووسی 13 کەسی دیکەی گوندی حەردان لە شنگال ئاشکرا بوو.
هاوژینی ماهیری تەمەن 27 ساڵ، لە مەراسیمی گەڕاندنەوەی تەرمی هاوژینەکەیدا شیوەن دەگێڕێت، ئەو بووکی چوار مانگی بوو کاتێک کارەساتەکە روویدا و داعش هاوژینەکەی رفاند.
43 کەس لەو ماڵباتە کەوتنە دەست داعش. چیرۆکەکەیان بەمشێوەیە کۆتایی هات؛ بەشێکیان لە گۆڕی بەکۆمەڵ لە سنووری شنگال دۆزرانەوە، رووفاتەکانیان نێردرایە بەغدا و پاش پشتڕاستکردنەوە گەڕێندرانەوە، دوێنێ (چوارشەممە، 24-1-2024) لە گوندی حەردان بەخاک سپێردران، بەڵام چارەنووسی بەشێکیان هێشتا نادیارە.
شەهاب ئیسماعیل، برای ئەو سێ قوربانییە، بە رووداوی گوت "13 رووفات گەڕێندرانەوە، ئەوانەی دیکەش هەموویان کەسوکارمانن و هێشتا نەگەڕێندراونەتەوە، 16 بۆ 18 کەس دەبن. بەخوا نازانم چی بڵێم، زۆر زەحمەتە" شەهاب لەبەر گریان نەیتوانی قسەکانی تەواو بکات.
جگە لەو سێ برایە، تاوەکو ئێستا ئیسماعیلی باوکیان و خوشکێکیشیان بێسەروشوێنن، دوو خوشک و برایەک لەگەڵ دایکیان رزگاریان بووە.
دوو لەو برایانە، لە مەفرەقی حەردان لەگەڵ چەند ئامۆزا و کەسوکارێکی دیکەیان کەتبوونە دەست داعش؛ کە هەتاوەکو ئێستاش چارەنووسی بەشێکیان نادیارە، بەشێکیشیان بەتایبەتی هەرسێ برا و دوو ئامۆزایان لە گۆڕستانێکی نزیک ئەو شوێنەی تێیدا کەوتبوونە دەستی داعش، بەخاک سپێردران.