‎‎كۆسره‌ت ره‌سوول: ئامادەین بۆ هەموو هاوکارییەکی هاونیشتمانیان لە باکووری کوردستان

 
كۆسره‌ت ره‌سوول عه‌لى په‌یامێكی ئاراسته‌ى قوربانیانی بوومەلەرزەكەی باکووری کوردستان کرد و رایگەیاند، ئامادەی هەموو هاوکارییەکی تەندروستی و مرۆیین بۆ رزگارکردنی هاونیشتمانیان لەو رووداو و کارەساتە.
 
کۆسرەت رەسوول عەلی، ‎سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندىی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێ "به‌ داخێكى زۆره‌وه‌ شه‌وى رابردوو له‌ زنجیره‌یه‌ك رووداوى سروشتیدا بوومه‌له‌رزه‌ له‌ شارى ئه‌لئه‌زیز (خارپێت)ى باكوورى كوردستانی توركیای دا و له‌ئاكامدا ژماره‌یه‌ك هاووڵاتى گیانیان له‌ده‌ستدا و ژماره‌یه‌كى تریش برینداربوون".
هاوکات ‎سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندىی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی و هاوخه‌مى ئاراسته‌ى هاونیشتمانیانی باکووری کوردستان کردووە و رایگەیاندووە "‎پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی و هاوخه‌مى خۆم ئاراسته‌ى خوشك و برایانم له ‌توركیا به‌گشتى و كه‌سوكارى قوربانیان به‌تایبه‌تى ده‌كه‌م و داواكارم له ‌خواى گه‌وره‌ شیفاى به‌خێری برینداره‌كان بدات".
کۆسرەت رەسوول هەر لە پەیامەکەیدا داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە کە بەزووترین کات بەفریای لێقەوماوانی ئەو ناوچانە بکەون کە بوومەلەرزەکە زیانی پێگەیاندوون.