ئەنەکەسە لە عەفرین: 25 کەس لەوانەی گەڕاونەتەوە لە زینداندان

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 65 هەزار هاونیشتمانی گەڕاونەتەوە عەفرین و ناوچەکانی دیکەی ئەو سنوورە و گەڕانەوەش بەردەوامە.
 
لە دوای ئاڵۆزییەکانی سووریا لە سەرەتای ئەم مانگەوە، بەشێکی هاونیشتمانیانی عەفرین کە لە شەهبا، حەلەب و رەققە ئاوارە ببوون گەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان.
 
ئازاد عوسمان، ئەندامی ئەنجوومەنی خۆجێی ئەنەکەسە لە عەفرین ئەمڕۆ سێشەممە 24-12-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەگوێرەی ئەو ئامارەی لە پۆلیسی عەفرین وەرمانگرتووە، لەم مانگەدا نزیکەی 65 هەزار کورد گەڕاونەتەوە عەفرین و ناوچەکانی دەورووبەری".
 
ئازاد عوسمان کە خۆی لە عەفرینە دەڵێت: "بەشێک لەو کوردانەی گەڕاونەتەوە داوای پارەیان لێکراوە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە، بەتایبەت گرووپی عەمشات کە 64 گوندی سنووری عەفرین لەژێر دەسەڵاتی ئەواندایە".
 
بەگوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان لە سووریا (ئەنەکەسە)، هەر خێزانێکی کورد بگەڕێتەوە ناوچەکەی خۆی کە لە ژێر دەسەڵاتی چەکدارانی عەمشات بێت، دەبێت لە 500 بۆ هەزار و 500 دۆلاریان وەکو باج پێ بدات.
 
لەدوای گەڕانەوەی هاونیشتمانیانی عەفرین لەم مانگەدا، ژمارەیەک کەس بە پاساوی هەبوونی پەیوەندییان بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەستگیرکران و بەشێکیان بە پێدانی پارە ئازاد کران. ئازاد عوسمان دەڵێت: "تاوەکو ئەمڕۆش نزیکەی 25 کەس لە زیندان ماونەتەوە و بڕیارە بدرێنە دادگە".
 
ئەندامەکەی ئەنەکەسە باسی لە گەڕانەوەی ئەو عەرەبانە کرد لە شەش ساڵی رابردوودا خانووی کوردیان داگیرکردووە و گوتی: "بە هەزاران دەگەڕێنەوە، بەشێکی ئەو کوردانەی هاتوونەتەوە عەفرین چوونەتەوە خانووی پێشووی خۆیان کە چۆڵکراوە، بەڵام هێشتا زۆرینەیان لە ماڵی کەسوکاریاندا دەژین".
 
8ـی ئەم مانگە دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) دیمەشقی کۆنترۆڵکرد کۆتایی بە دەسەڵاتی 24 ساڵەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی وڵاتەکە هێنا.
 
لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی دیمەشقدا، گرووپە چەکدارەکانی سوپای نیشتمانی سووریا هەردوو ناوچەی شەهبا و منبجیان کۆنترۆڵکرد کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوو، ئەوە وایکرد خەڵکی ئەو دوو ناوچەیە کە زۆرینەیان هاونیشتمانیی عەفرین بوون و لە ئاوارەییدا بوون جارێکی دیکە بەشێکیان ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بنەوە و بەشیکیشیان گەڕانەوە عەفرین و دەوروبەری.