چوار سکاڵاى دژی پێکهێنانی حکومەتى خۆجێیی کەرکووک دواخران
رووداو دیجیتاڵ
لەکۆى ئەو 5 سکاڵایەى لەدژى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک پێشکێشی دادگەى کارگێڕى کرا بوون، چواریان بۆ مانگى داهاتوو دواخران و سکاڵاکەی پارتیش رەتکرایەوە.
ئەمڕۆ (سێشەممە، 24ـی کانوونى یەکەمى 2024) دادگەى کارگێڕیی عێراق لە بەغدا لەبارەی ئەو سکاڵایانە کۆبووەوە.
کاروان عوسمان، بەرپرسی بەشى سکاڵاکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، دادگەى کارگێڕی بڕیاری دا زۆربەی سکاڵاکان لەدژى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک، بۆ 22ـى کانوونى دووەمى 2025 دوابخات.
رۆژی 10ـی ئاب، ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە ئامادەبوونى 9 ئەندام لە هۆتێل رەشید لە بەغدا کۆبووەوە و حکومەتى خۆجێیی هەڵبژارد. پۆستى پارێزگار درا بە کورد لە پشکى یەکێتى و پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاش درا بە عەرەب.
پێنج، سکاڵا لە دژى ئەو کۆبوونەوەیە پێشکێش کرابوون، سێ سکاڵا لەلایەن ئەندامانى هاوپەیمانیى عەرەبی، سکاڵایەکی فراکسیۆنەکانى بەرەى تورکمانى و سکاڵایەکی پارتى دیموکراتى کوردستان.
کاروان عوسمان گوتى "سکاڵاکەى فراکسیۆنى پارتى، ئەمڕۆ بڕیاری لەبارەوە درا و رەتکرایەوە."
پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک بەبێ بەشداری و رەزامەندیی لایەنە سکاڵاکارەکان، وایکرد؛ لە دادگەى کارگێڕى سکاڵا تۆمار بکەن.
لە سکاڵاکاندا ئاماژە بەوە کراوە کۆبوونەوەکەى ئەنجوومەنى پارێزگا "نایاسایی" بووە و بەبێ ئاگادارکردنەوەیان و سەرۆکایەتیکردنى بووە لەلایەن سەرۆکى تەمەنەوە، کە ئەو کاتە راکان جبوورى بووە.
لە پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک، عەرەب 19 پۆست و تورکمان 18 پۆستیان بەردەکەوێت، 14ـی تشرینى یەکەم یاوس حەمید، کە تورکمانێکی سوننەی کەرکووکە، لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە جێگری پارێزگاری کەرکووک هەڵبژێردرا.