بە درۆن سنووری کۆبانێ بۆردوومان دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی میدیا خۆجێیەکان، شارۆچکەیەکی سنووری کۆبانێ لە رێگەی درۆنەوە بۆردوومان کراوە.
کەمێک لەمەوبەر میدیای بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر رایگەیاند، "فولکەی نێو شارۆچکەی سرین لە باشووری کۆبانێ لە رێگەی درۆنی تورکیاوە بۆردوومان کرا".
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە زیانەکانی بۆردوومانەکە ئاشکرا نەبووە.
هەر ئەمڕۆ گوندی قاز عەلی لە رۆژئاوای گرێ سپی و گوندی تل تاڤل لە رۆژئاوای تل تەمر بۆردوومان کران، کە لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دان.
میدیای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاندووە، بۆردوومانەکە لەلایەن "تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا" کراون.
رۆژی 08-12-2024 چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) گەیشتنە دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا، لەو کاتە بەدواوە هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە زیادیان کردووە.
هەر ئەمڕۆ سێشەممە هەسەدە رایگەیاند، "لە ماوەی بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانمان بۆ هێرشەکانی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی لە ناوچە جیاوازەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، 16 هاوڕێمان شەهید بوون، دوای ئەوەی باڵاترین نموونەی بەرخودان و قوربانیدانیان نیشاندا و بەرپەرچی هێرشەکانی داگیرکەر و چەتەکانیان دایەوە".