لە هەرێمی کوردستان گەشتی عومرە لە رێگەی وشکانییەوە دەستپێدەکات

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەمەودوا رێگە دەدەنە کۆمپانیاکانی حەج و عومرە، کە گەشتی عومرە بەڕێگەی وشکانی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ سعودیە رێکبخەن.
 
شێخ نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ (یەکشەممە، 24-12-2023) بڕیارمان دا، تەواوی ئەو کۆمپانیایانەی لە هەرێمی کوردستان هەن و مۆڵەتیان هەیە، رێگەیان پێبدرێت گەشتی عومرە لە رێگەی وشکانییەوە رێکبخەن."
 
لەبارەی نرخی گەشتی عومرەوە شێخ نیاز نەقشبەندی گوتی، "ئێمە ناتوانین نرخ دیاری بکەین و کۆمپانیاکان خۆیان رکابەری دەکەن و نرخ دادەبەزێنن."
 
پێشتر تەنیا لە پارێزگای کەرکووک و پارێزگاکانی دیکەی عێراق گەشتی عومرە لە رێگەی وشکانییەوە هەبوو.
 
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە ئاماژەی بەوەکرد، دوو نوێنەری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییەکەیان له‌ سنووری ده‌روازه‌ی عه‌رعه‌ر لەنێوان عێراق و سعودیە ده‌بن بۆ هاوكاریكردنی هاونیشتمانییان و کارئاسانیکردن بۆیان.
 
نرخی گەشتی عومرە بەگوێرەی کات و کوالێتی دەگۆڕێت، لە رێگەی ئاسمانییەوە ئێستا گەشتی عومرە لەنێوان 700 بۆ 800 دۆلاردایە و هەندێک گەشتی تایبەتیش هەن نرخیان زیاترە؛ بەڵام گەشتی وشکانی لە کەرکووکەوە هەیە و نرخەکەی لەنێوان 450 بۆ 500 دۆلارە.