لەساڵی 2020 تاوانەکانی کوشتن و خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستان کەمتر بوون
رووداو دیجیتاڵ
هاوشێوەی وڵاتانی دیکەی جیهان، ئەمساڵ چەندین تاوانی جۆراوجۆر لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدراون و لێکەوتەکانی کۆرۆناش کاریگەری خۆیان هەبووە.
هەریەکە لە بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای دهۆک و گوتەبێژی پۆلیسی ئیدارەی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، بەراورد بە ساڵی رابردوو تاوانەکان بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆ کەمبوونەوەتەوە.
لە هەولێریش ئەمساڵ چوار هەزار و 301 تۆمەتباری دزی، کوشتن، ساختەکاری، ماددە هۆشبەرەکان، تەقەکردن و تاوانی دیکە دەستگیرکراون.
هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت: 65 تاوانی کوشتن لە سنووری پارێزگای هەولێر تۆمارکراون؛ 61 تاوانیان ئاشکراکراون، لەکاتێکدا ساڵی پار 73 تاوانی کوشتن هەبوون. هەروەها 32 رووداوی تەقەکردن لە هەولێر هەبوون، کە 29یان ئاشکراکراون.
بەشێکی بەرچاو لە تاوانەکان پەیوەندییان بە کێشەی ناو خێزانەکانەوە هەیە. بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، لە 10 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا حەوت هەزار و 318 ژن سکاڵایان تۆمارکردووە لەسەر ئەوەی تووندوندوتیژییان بەرامبەر کراوە، لانیکەم چوار ژن کوژراون و 22 ژنیش خۆیان کوشتووە.
بەپێی ئاماری یەکێتیی پیاوانی کوردستانیش، لە هەمان ماوەدا 519 پیاو سکاڵایان لەسەر ژنەکانیان تۆمارکردووە، پێنج پیاو لەلایەن هاوژینەکانیان بە هاوکاری کەسانی دیکە کوژراون و 54 پیاویش خۆیان کوشتووە.
بڕیارە ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، کۆی ئاماری پەیوەست بە تاوانەکان لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان و دوو ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین رابگەیێنێت.