نوورا... له‌ مۆدێلینگه‌وه‌ بۆ نێو ته‌ڵه‌ى بانده‌كانى بازرگانیی سێكس له‌ هه‌رێمى كوردستان


رووداو- هه‌ولێر

نوورا به‌ گوڕوتینێكی زۆره‌وه‌ خۆی بۆ یه‌كه‌م كار ئاماده‌ ده‌كرد كه‌ به‌ خه‌یاڵی خۆی كیبڕكێیه‌كی نێوده‌وڵه‌تیی مۆدێلینگ بوو له‌ تشرینی یه‌كه‌می 2018، بۆ ئه‌و بۆنه‌یه‌ش جلێكی پرۆفیشناڵی له‌به‌ر كردبوو، واته‌ بلوزێك و ته‌نووره‌یه‌ك, به‌ڵام عه‌بدوڵڵا كه‌ كوردێكی سووریی نیشته‌جێی هه‌ولێره‌، به‌ نوورای گوتبوو ده‌بێ جلی سێكسیتر له‌به‌ر بكات، واته‌ ته‌نووره‌ی كورتتر و هه‌ندێك له‌ درزی سینه‌ی ده‌ربخات و له‌شی زیاتر به‌ ده‌ره‌وه‌ بێ. نوورا تووشی شۆك بوو, نه‌یده‌زانی ئه‌وه‌ جارێ سه‌ره‌تایه‌.

هه‌مان رۆژ پیاوه‌ سوورییه‌كه‌ نوورا و چوار ئافره‌تی دیكه‌ی برده‌ ژوورێكی گه‌وره‌ی بۆنه‌كان له‌ هۆتێلێكی هه‌ولێر كه‌ كۆمه‌ڵێك پاسه‌وانی ده‌مامكداری پڕچه‌ك پاسه‌وانییان ده‌كرد. ژووره‌كه‌ پڕبوو له‌ "ئافره‌تی نیمچه‌ رووت و ته‌واو رووت".
 
نوورا كه‌ خه‌ڵكی سووریایه‌, له‌و دیمه‌نه‌ شۆك بوو, پرسی: "ئه‌مه‌ چییه‌؟". عه‌بدوڵڵا له‌ وه‌ڵامدا گوتبووی "ئه‌مه‌ كۆمه‌ڵگای ئێره‌یه‌, ده‌بێ خۆتی له‌گه‌ڵ بگونجێنی".
 
ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجار نه‌بوو نوورا له‌ بواری مۆدێلینگدا كار بكات, ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك بوو له‌ دیمه‌شق له‌و بواره‌دا كاری ده‌كرد و ته‌نانه‌ت خه‌ڵاتێكی نێوخۆییشی بردبووه‌وه‌. به‌ڵام له‌ 2018, راهێنه‌ره‌كه‌ی هاتبووه‌ لای و باسی ده‌رفه‌تێكی سه‌رنجڕاكێشی بۆ كردبوو. راهێنه‌ره‌كه‌ پێشنیازی پێكردبوو بچێته‌ هه‌ولێر و مانگێك له‌وێ بمێنێته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ كچه‌ مۆدێله‌كانی هه‌موو رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست كێبڕكێ بكات. گوتبووی ئه‌وه‌ هه‌لی گرێبه‌ستی گه‌وره‌ی بۆ ده‌ڕه‌خسێنێ.
 
ئه‌و كات نوورا مانگانه‌ 150 دۆلاری له‌ نمایشكردنی جلوبه‌رگ, مه‌یكئه‌پ و خشڵ ده‌ستده‌كه‌وت, ئه‌م پاره‌یه‌ له‌ وڵاتێكی وه‌ك سووریا كه‌ ئابوورییه‌كه‌ی داته‌پیوه‌, پاره‌یه‌كی باش بوو, به‌ڵام ئه‌سته‌م بوو بتوانێ له‌ به‌رامبه‌ر مووچه‌یه‌كی 5000 دۆلاریدا خۆی رابگرێ. نوورا به‌ (رووداو)ی گوت: "ئه‌و كات وه‌هام بیر ده‌كرده‌وه‌ به‌و پاره‌یه‌ ده‌توانم داهاتوویه‌ك بۆ خۆم دروست بكه‌م".
 
له‌ یه‌كه‌م شه‌وی مانه‌وه‌ی له‌ هه‌ولێر, ئافره‌ته‌ ته‌مه‌ن 19 ساڵانه‌كه‌ هه‌ستی به‌ ته‌نیایی و غه‌ریبییه‌كی زۆر كرد. پیاوه‌كان هاواریان ده‌كرد, ئافره‌ته‌كان سه‌مای كه‌مه‌ریان بۆ پیاوه‌كان ده‌كرد و پیاوه‌كانیش پاره‌یان به‌سه‌ر له‌شی رووتی ئافره‌ته‌كاندا هه‌ڵده‌ڕشت. نوورا له‌لایه‌ن تۆڕێكی بازرگانییه‌وه‌ هێنرابووه‌ عێراق.
 
له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی كۆنزه‌رڤاتیڤی وه‌ك كۆمه‌ڵگای كوردستاندا ژوانی نێوان كوڕ و كچ شتێكی باو نییه‌ و رێسای توند بۆ په‌یوه‌ندیی نێوان ژن و پیاو دانراوه‌. له‌و كۆمه‌ڵگایه‌دا سێكس مه‌سه‌له‌یه‌كی زۆر داخراو و په‌رده‌پۆشكراوه‌ و له‌ پشت ده‌رگا داخراوه‌كانه‌وه‌ ده‌هێڵرێته‌وه‌, بۆیه‌ش ده‌ستدرێژی و سووكایه‌تی تێده‌په‌ڕن بێ ئه‌وه‌ی به‌دواداچوونیان بۆ بكرێ. هه‌ر ئه‌وه‌ش رێگه‌ی خۆشكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی قاچاخچییه‌كان به‌ به‌كارهێنانی هه‌ڕه‌شه‌ی ئابڕووبردن و زه‌بروزه‌نگ ئافره‌ت و پیاو و منداڵان به‌كاربهێنن و ناچاریان بكه‌ن بێنه‌ ناو باندى له‌شفرۆشییه‌وه‌.
 
دزێوترین نموونه‌ی ئه‌و بازرگانییه‌ له‌ بازاڕه‌كانی داعشدا بوو, كاتێك چه‌كدارانی داعش كچ و ژنانی ئێزدییان ریز ده‌كرد و هه‌ر كه‌سێك پاره‌ی زیاتری دابا ئافره‌ته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی ده‌برد و پاش ماوه‌یه‌كیش هه‌مان چه‌كدار ئافره‌ته‌كه‌ی به‌ چه‌كدارێكی دیكه‌ ده‌فرۆشت, به‌ڵام ئێستا هه‌مان دیارده‌ له‌ ئاستێكی بچووكتردا به‌ شێوه‌ی رۆژانه‌ رووده‌دات.
 
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ دوایین راپۆرتیدا له‌باره‌ی قاچاخی مرۆڤ له‌ جیهان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ "ژنان و كچانی عێراقی, ئێرانی و سووری و هه‌روه‌ها كه‌سانی هاوڕه‌گه‌زخواز له‌ كوردستانی عێراق به‌ تایبه‌تی, مه‌ترسیی ئه‌وه‌یان له‌سه‌ره‌ تووشی قاچاخی سێكس ببن".
 
خه‌ڵكانی هاوڕه‌گه‌زخواز ناوێرن له‌ كوردستان به‌ ئاشكرا وه‌ك هاوڕه‌گه‌زخواز بژین, ئه‌و كه‌سانه‌ مه‌ترسییه‌كی زۆریان له‌سه‌ره‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆربه‌یان له‌لایه‌ن خێزانه‌كانیشیانه‌وه‌ پشتگوێ خراون, بۆیه‌ نێچیرێكى ئاسانن بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێ ده‌ستدرێژییان بكه‌نه‌سه‌ر.
 
شاره‌زایه‌كی ئه‌و بواره‌ كه‌ به‌هۆی هه‌ستیاریی بابه‌ته‌كه‌وه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێ به‌ (رووداو)ی گوت "ئه‌وان زۆر جار هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌كرێ كه‌ ئه‌گه‌ر پاره‌یان نه‌ده‌نێ ئه‌وه‌ ئاشكرایان ده‌كه‌ن. نه‌ كۆمه‌ڵگا و نه‌ خێزان ئه‌و كه‌سانه‌ قه‌بووڵ ناكه‌ن, ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌تی سووكایه‌تی و ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ زیاتر كردووه‌".
 
گروپێكی دیكه‌ له‌و خه‌ڵكه‌ی كاری قاچاخیان پێوه‌ ده‌كرێ ئاواره‌كانی نیشته‌جێی كه‌مپه‌كانن. ئه‌ندامانی رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان كه‌ رۆژانه‌ له‌ كه‌مپه‌كانن, ده‌ڵێن هه‌ندێك حاڵه‌تیان به‌ر گوێ كه‌وتووه‌ كه‌ تێیدا ئافره‌تانی كه‌مپه‌كه‌ بۆ سێكس به‌ پیاوانی ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كان فرۆشراون.
 
گوشاره‌ ئابوورییه‌كانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئێران, بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی بازرگانیی سێكس له‌و وڵاته‌ په‌ره‌بستێنێ. له‌ تشرینی دووه‌می ئه‌مساڵدا (رووداو) له‌ به‌دواداچوونێكدا ئاشكرای كرد كه‌ پیاوانی هه‌رێمی كوردستان بۆ كڕینی سێكس ئاودیوی شاره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌بن.
 
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌ پشتبه‌ستن به‌ راپۆرته‌ میدیاییه‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ دوای داڕمانی ئابووری ئێران و شكانی به‌رچاوی به‌های دراوی ئێرانی, له‌ 2018 دا زیاتر له‌ 2000 ئافره‌تی ئێرانی هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆریان قوربانیی قاچاخی مرۆڤن و له‌ هۆتێل, كافێ و سه‌نته‌ره‌كانی مه‌ساج كارده‌كه‌ن. 
 
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌پێی راپۆرتی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی كوردستان ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو كه‌ شوفێری ته‌كسییه‌كانی كوردستان به‌ ناوی گه‌شتیاره‌وه‌ ئافره‌ته‌ ئێرانییه‌كان ده‌هێننه‌ هه‌رێمی كوردستان.
 
شێری گراهام, سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی (SEED) بۆ گه‌شه‌ی مرۆیی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی قاچاخی مرۆڤ, له‌وباره‌وه‌ به‌ (رووداو)ی گوت: "ئاگامان له‌ هه‌ندێك كه‌یس هه‌یه‌ كه‌ تێیاندا كۆمه‌ڵێك ئافره‌ت بردراونه‌ته‌ كه‌ركووك و فرۆشراون, یانیش له‌ به‌غدا فرۆشراون و دیار نه‌ماون. ئه‌مانه‌ كۆمه‌ڵێك ئافره‌تی به‌سته‌زمانی سه‌ر به‌ چینی ناوه‌ڕاستی كۆمه‌ڵگان, كۆمه‌ڵێك ئافره‌تی گه‌نج كه‌ (له‌لایه‌ن كه‌سانی هه‌لپه‌رسته‌وه‌) به‌كارهێنراون".
 
گراهام به‌شێك له‌ هۆكاری ئه‌م دیارده‌یه‌ بۆ "كولتووری ئابڕوو" ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ كه‌ تێیدا ئه‌گه‌ر ئافره‌تێك شه‌ره‌فی له‌ده‌ست بدات, ئه‌وه‌ له‌ خێزان و له‌ كۆمه‌ڵگا وه‌ده‌رده‌نرێ و ته‌نانه‌ت رووبه‌ڕووی مه‌رگیش ده‌كرێته‌وه‌.
 
بۆ رۆژی دواتر, نوورا به‌ عه‌بدوڵڵای گوت كه‌ ئه‌و نه‌هاتووه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئاهه‌نگی وه‌ك ئه‌وه‌ی شه‌وی پێشتردا به‌شداری بكات, به‌ڵكو هاتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كوردستان كار بكات و له‌ بواری مۆدێلینگدا په‌ره‌ به‌ خۆی بدات.
 
هه‌ندێك له‌ ئافره‌ته‌كانی دیكه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ نوورا له‌ ماڵه‌كه‌دا بوون, له‌وه‌ ده‌چوون له‌شفرۆشی به‌ئه‌زموون بن, له‌وانه‌ش دوو خوشك كه‌ له‌ سووریاوه‌ هاتبوون. ئه‌و ئافره‌تانه‌ سه‌مایان ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی مشته‌ری بۆ لای خۆیان رابكێشن. ته‌نانه‌ت ئه‌و ئافره‌تانه‌ش له‌ عه‌بدوڵڵا ده‌ترسان. نوورا چه‌ندین جار بۆ پاراستنی خۆی به‌ره‌نگاری عه‌بدوڵڵا ببووه‌وه‌ و ئاسه‌واری ئه‌وه‌ش به‌جه‌سته‌یه‌وه‌ دیار بوو.
 
عه‌بدوڵڵا هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای گه‌یشتنی نوورا هه‌وڵی دابوو ده‌ست به‌سه‌ر پاسپۆرته‌كه‌یدا بگرێ, به‌ڵێنیشی پێدابوو ده‌رگای كاری مۆدێلینگی بۆ بكاته‌وه‌ و بیبات بۆ كۆمه‌ڵێك بۆنه‌ كه‌ تێیدا چاوی به‌ بزنسمان و كه‌سه‌ سیاسییه‌ به‌هێزه‌كان بكه‌وێ و كێبڕكێكانی مۆدێلینگ به‌ جۆرێك رێكبخات كه‌ تێیاندا نوورا براوه‌ بێ.
 
نوورا پاره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سووریای نه‌بوو, هه‌ر بۆیه‌ ناچار بوو بمێنێته‌وه‌. پاش ماوه‌یه‌ك به‌هۆی به‌هره‌ی گۆرانیگوتنه‌وه‌, له‌ ئاهه‌نگێكدا ژه‌نیارێكی پیانۆی ناسی و بوون به‌ هاوڕێ. نوورا ده‌یویست ژه‌نیاره‌كه‌ رێگایه‌كی بۆ بدۆزێته‌وه‌ كه‌ بتوانێ بێ ئه‌وه‌ی پێویستی به‌ عه‌بدوڵڵا بێ پاره‌یه‌كی ده‌ستبكه‌وێ.
 
ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ عه‌بدوڵڵای تووڕه‌ كرد, چونكه‌ ئه‌و ده‌یویست كۆنترۆڵی ته‌واوی به‌سه‌ر نوورا و ئافره‌ته‌كانی دیكه‌دا هه‌بێ, بۆیه‌ هه‌مان شه‌و كاتێك گه‌ڕانه‌وه‌ شوێنی مانه‌وه‌یان له‌ گوندێكى هه‌ولێر, عه‌بدوڵڵا له‌ نوورای دا, ئێسكى چه‌ڵه‌مه‌ و په‌راسوویه‌كی نوورای شكاند. نوورا كه‌ هه‌ندێك شاره‌زایی له‌ كیكبۆكسینگدا هه‌بوو, ده‌ستی كرده‌وه‌, توانی خۆی له‌ ده‌ستی رزگار بكات, پاسپۆرت و مۆبایله‌كه‌ی ده‌ست دایه‌ و رایكرده‌ ده‌ره‌وه‌, به‌ڵام جانتاكه‌ی له‌ خانووه‌كه‌دا مایه‌وه‌.
 
راهێنه‌ری مۆدێلینگه‌كه‌ به‌ شوێنیدا رایكرد و بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر به‌ زۆریش بێ نوورا ناچار بكات بگه‌ڕێته‌وه‌, قیژه‌ و هه‌رای نوورا خه‌ڵك و هێزه‌كانی سێكیوریتی لێ كۆكرده‌وه‌, ئه‌وان ته‌له‌فۆنیان بۆ ئاسایش كردبوو. نوورا زامه‌كانی پیشانی ئاسایش دابوو, گوتبووی كه‌ رفێنراوه‌. ئاسایش چووبووه‌ ئه‌و خانووه‌ی ئافره‌ته‌كانی تێدا ده‌ژیان و ده‌ستی به‌سه‌ر پاسپۆرته‌كانیاندا گرت و داوای له‌ هه‌موویان كرد رۆژی دواتر سه‌ردانی بنكه‌ی پۆلیس بكه‌ن, عه‌بدوڵڵا پێشتر بۆی ده‌رچووبوو.
 
له‌ بنكه‌ی پۆلیس, هێزه‌ ئه‌منییه‌كان هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ ئافره‌ته‌كان كردبوو كه‌ مۆری سووری "له‌شفرۆش" له‌ پاسپۆرته‌كه‌یان ده‌ده‌ن و دیپۆرتیان ده‌كه‌نه‌وه‌. ئافره‌ته‌كان له‌وه‌ ده‌ترسان ئه‌و ناوه‌یان به‌سه‌ردا بسه‌پێ و رووبه‌ڕووی سزای كوشتن ببنه‌وه‌, بۆیه‌ له‌به‌ر نوورا پاڕانه‌وه‌ واز له‌ سكاڵاكه‌ی له‌ دژی عه‌بدوڵڵا بهێنێ. نوورا به‌ داواكه‌یان رازی بوو.
 
ئاسایش رێگه‌ی به‌ هه‌موو ئافره‌ته‌كان دا بڕۆن, به‌ڵام پاسپۆرته‌كانیانی لای خۆی راگرت. عه‌بدوڵڵا ده‌ستوپه‌یوه‌نده‌كانی خۆی به‌كارهێنا و هه‌موو پاسپۆرته‌كانی وه‌رگرته‌وه‌ و ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتن, دواتریش هه‌موو ئافره‌ته‌كانی بۆ دهۆك گواسته‌وه‌. نوورا هه‌موو رۆژێك داوای پاسپۆرته‌كه‌ی ده‌كرده‌وه‌, به‌ڵام عه‌بدوڵڵا به‌ درۆوه‌ پێیده‌گوت كه‌ پاسپۆرته‌كان لای پۆلیسی هه‌ولێرن و ئه‌و هیچی له‌ده‌ست نایه‌ت. نوورا باوه‌ڕی به‌ قسه‌كانی نه‌ده‌هات, به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی هیچیشی نه‌بوو. 
 
به‌هۆی چۆنێتیی مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ كه‌یسه‌كانی له‌شفرۆشی, پۆلیسی هه‌رێمی كوردستان رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ بووه‌ته‌وه‌. پارساڵ ڤیدیۆی كۆمه‌ڵێك ئافره‌تیان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تۆمه‌تبار بوون به‌وه‌ی له‌ مه‌لهایه‌ك كار ده‌كه‌ن, له‌ نێوان ئافره‌ته‌كاندا كچێكی منداڵكاریش هه‌بوو. چالاكڤانانی مافه‌كانی ئافره‌تان داوایان كرد ئه‌و پۆلیسانه‌ سه‌ركۆنه‌ بكرێن و بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئافره‌تان له‌و جۆره‌ دۆخانه‌دا راهێنانیان پێبكرێ.
 
10 رۆژ دوای شه‌ڕه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵڵا, نوورا توانی له‌ دهۆك سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ بكات و له‌وێ به‌ پزیشكه‌كانی گوت كه‌ له‌ پلیكانه‌ كه‌وتووه‌ته‌ خواره‌وه‌. هه‌تا ئێستاش ئاسه‌واری چه‌ڵه‌مه‌ شكاوه‌كه‌ی به‌ له‌شه‌ لاوازه‌كه‌یه‌وه‌ دیاره‌. 
 
له‌ دهۆك, عه‌بدوڵڵا و ئافره‌ته‌كان له‌ خانوویه‌كی دوو نهۆمیدا ده‌ژیان. له‌ نهۆمی سه‌ره‌وه‌ ئافره‌ته‌كان بوون و له‌ نهۆمی خواره‌وه‌ش عه‌بدوڵڵا و خێزانه‌كه‌ی ده‌ژیان. مانگی دوای گواستنه‌وه‌یان بۆ دهۆك, رۆژێك كچه‌ ته‌مه‌ن نۆ ساڵانه‌كه‌ی عه‌بدوڵڵا هاتبووه‌ نهۆمی سه‌ره‌وه‌ و به‌ دوای باوكیدا گه‌ڕابوو. نوورا هه‌ستی كرد ئه‌وه‌ ده‌رفه‌تێكی باشه‌ و به‌ ناوی یارمه‌تیدانی كچه‌كه‌وه‌ لێی نزیك بووه‌وه‌.
نوورا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و هه‌رگیز به‌نیازی ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ ئازار به‌ كچه‌كه‌ بگه‌یه‌نێ, به‌ڵام دۆخی سه‌ختی ژیانی ناچاری كرد منداڵه‌كه‌ی عه‌بدوڵڵا به‌كاربهێنێ. نوورا ده‌ستی كچه‌كه‌ی گرت و پێكه‌وه‌ له‌ خانووه‌كه‌ ده‌رچوونه‌ ناو شار, دواتر ته‌له‌فۆنی بۆ عه‌بدوڵڵا كرد و پێیگوت له‌ به‌رامبه‌ر پاسپۆرته‌كه‌یدا ئاماده‌یه‌ كچه‌كه‌ی بداته‌وه‌.
 
نوورا ده‌ڵێ: "به‌ڕاستی به‌داخ بووم بۆ ئه‌و كچه‌, به‌ڵام هه‌ستم كرد هیچ رێگایه‌كی دیكه‌م بۆ نه‌ماوه‌, باوكی ئه‌و تووشی ئه‌و دۆخه‌ی كردبووین". عه‌بدوڵڵا دوای هه‌شت سه‌عات كۆڵی دا و پاسپۆرت و چه‌ند سه‌د دۆلارێكی پێدا و نوورا هه‌مان رۆژ دهۆكی به‌ره‌و هه‌ولێر جێهێشت, به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌رچاوڕوونییه‌كی له‌باره‌ی هه‌ولێره‌وه‌ هه‌بێ.
 
ئافره‌ته‌ سوورییه‌كه‌ ده‌ڵێ: "ده‌ترسام, نه‌مده‌زانی چی بكه‌م. هاتمه‌ هه‌ولێر, بێ ئه‌وه‌ی كه‌س بناسم و بزانم روو له‌ كوێ بكه‌م. له‌ پاركی سامی عه‌بدولڕه‌حمان ده‌خه‌وتم. زۆر سارد بوو, باسی ناوه‌ڕاستی تشرینی دووه‌م ده‌كه‌م كه‌ تێیدا شه‌وان زۆر سارده‌".
دوای دوو شه‌و, نوورا په‌یوه‌ندی به‌ ناسیاوێكی سووریی خۆیه‌وه‌ كرد له‌ هه‌ولێر, ئه‌ویش داوای لێكرد له‌ ماڵه‌كه‌ی ئه‌وان بمێنێته‌وه‌, پیجامه‌ی زستانه‌ی بۆ هێنا و پێیگوت هه‌تا ئه‌و كاته‌ی ده‌یه‌وێ ده‌توانێ له‌ ماڵه‌كه‌یان بمێنێته‌وه‌ و هه‌ر كات سه‌رچاوه‌یه‌كی داهاتی هه‌بوو له‌ كرێی خانووه‌كه‌دا یارمه‌تی بدات.
 
پێنج مانگ تێپه‌ڕی و ئافره‌ته‌ سوورییه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌سه‌ر ئه‌ندۆمی ده‌ژیا. كێشی زۆر دابه‌زیبوو, به‌ڵام به‌ره‌به‌ره‌ هێز بۆ پێیه‌كانی گه‌ڕابوونه‌وه‌. نوورا له‌ رێستورانته‌كانی هه‌ولێر كاری دۆزیبووه‌وه‌ و به‌شی ئه‌وه‌ی پاره‌ ده‌ستكه‌وتبوو خه‌رجیی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سووریای پێ دابین بكات, به‌ڵام ماوه‌ی ڤیزاكه‌ی زۆر به‌سه‌ر چووبوو, ده‌بووایه‌ غه‌رامه‌ به‌ فه‌رمانگه‌ی كۆچبه‌ران بدات, له‌ كاتێكدا ئه‌وه‌شی به‌ گوێ گه‌یشتبووه‌وه‌ كه‌ راهێنه‌ره‌كه‌ی له‌ سووریا سكاڵایه‌كی له‌سه‌ر نوورا تۆمار كردووه‌ و به‌وه‌ تۆمه‌تباری كردووه‌ كه‌ ده‌ستی هه‌یه‌ له‌ قاچاخی مرۆڤدا.
 
نوورا له‌سه‌ر مۆبایله‌كه‌ی سه‌یری ئینستاگرامه‌كه‌ی ده‌كات. تێیدا وێنه‌ی كچێكی هه‌رزه‌كار ده‌بینرێ كه‌ له‌ سووریا سه‌عات و جانتای ده‌ست نمایش ده‌كات. ئه‌و كات هه‌موو هیوای نوورا ئه‌وه‌ بوو وێنه‌ی جوان بگرێ و ژیانێكی خۆش بژی. كه‌چی ئێستا له‌ نێوان دوو بژاره‌دا گیری خواردووه‌ "گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سووریا و چوونه‌ به‌ندیخانه‌ یان مانه‌وه‌ له‌ هه‌ولێر".
 
نوورا بۆ ئه‌وه‌ی نێوان په‌نجه‌كانی به‌تاڵ نه‌بن, جگه‌ره‌یه‌كی دیكه‌ش داده‌گیرسێنێ و له‌باره‌ی هه‌ولێره‌وه‌ ده‌ڵێ: "قینم لێی ده‌بێته‌وه‌, به‌ڵام ئێستا هه‌ولێر باشترین شوێنی جیهانه‌ بۆ من, چونكه‌ خه‌ڵكێكی زۆر ده‌ناسم". ئێستا هه‌موو هه‌وڵی نوورا بۆ ئه‌وه‌یه‌ پاره‌ كۆبكاته‌وه‌ و خه‌رجییه‌كانی دۆسییه‌كه‌ی له‌ سووریا پێ بدات, چونكه‌ خه‌ونی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ وڵاتی خۆی خه‌یاڵی به‌رنادات. 
 
* ناوه‌كانی ناو ئه‌م راپۆرته‌كه‌ خوازراون.