پارێزگاری هەڵەبجە: لەم هەفتەیەوە هاتووچۆی گەشتیاران و ئۆتۆمبێل لە دەروازەی شوشمێ دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، یاداشتێکیان داوەتە سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە. دەشڵێت، "ئەم هەفتەیە هاتووچۆی خەڵک و گەشتیاران لە دەروازەی شووشمێ دەستپێدەکات".
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە لە پارەوە، 24ـی 11ـی بە رۆژی هەڵەبجە دیاریکردووە، لەسەر بنەمای ئەوەی بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، 24-11-1869 یەکەم قایمقامی هەڵەبجە لە سەردەمی عوسمانییەکان دەستبەکار بووە. بڕیارە ساڵانە لەم رۆژەدا کۆمەڵێک چالاکیی ئەدەبی و فەرهەنگی و کولتووری بکرێن.
پارێزگاری هەڵەبجە لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) رایگەیاند: "هەڵەبجە مێژوویێکی کۆنی هەیە، پێش دروستبوونی عێراق، لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، وەکو قەزایەکی سەربەخۆ دروستبووە، یەکەم قایمقامی حەمەپاشای جافە، ئێمە وەکو هەڵەبجە مافی خۆمانە شانازی بەوە بکەین کە ئەم شارە 155 ساڵ پێش ئێستا قەزا بووە و قایمقامی هەبووە".
لەو یادەدا، ئازاد تۆفیق جەختدەکاتەوە "لەپێشینە بۆ هەڵەبجە، دەستی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری و بونیاتنانەوە و بیناسازییە، ئەمەش بە کابینەکانی حکومەت دەکرێت. برینی هەڵەبجە بە چوار قوتابخانە، بە دوو دووسایدی، دوو پارک و باخچەیەکی ساوایان و باڵەخانەیەکی فەرمانگەیەک ساڕێژ نابێت، چونکە سەرباری ئەوەی هەڵەبجە لە 16ـی ئادار پێنج هەزار شەهیدی هەیە، 200 منداڵی تاوەکو ئێستا نادیارن و دایک و باوکیان شەو خەو دەبینن چۆن لە ئامێزیان بگرن. 10 هەزار بریندارمان هەیە، ماڵمان هەیە لە هەڵەبجە کارەبای ببڕێت، هەناسەی دەستکردی دەبڕێت و ناتوانێت هەناسە بدات و دەمرێت. هەڵەبجە دەبێت لەپێشینەی هەبێت."
ئازاد تۆفیق ئاماژەی بە سەرچاوە ئابوورییەکانی هەڵەبجە کرد و گوتی: "هەڵەبجە دەبێت لەپێشینەی هەبێت لە گرنگیدان بە بواری گەشتیاری و ئاوەدانکردنەوە. ئێمە دەشتی شارەزوورمان هەیە، دەتوانێت پێنج ملیۆن کەس بژیێنێت. ناوچەی هەورامان لە یەکی ئایار بۆ یەکی ئۆکتۆبەر نزیکەی 300 هەزار کەس رووی تێدەکات. دەبێت حکومەتی پلانی گەورەی بۆ هەبێت".
رۆژی 31-12-2013، حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی بەپارێزگاکردنی رادەستی حکومەتی عێراق کرد و ساڵی 2014 حکومەتی عێراق رەزامەندی لەسەری دەربڕی. هەروەها 13-3-2014 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆی لەسەر بەپارێزگاکردنی شارەکە کرد و 16-3ـی هەمان ساڵ، مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان واژۆی لەسەر بڕیارەکە کرد. 5ـی شوباتی سالێ 2015ش پەرلەمانی کوردستان بەپارێزگاکردنی شارەکەی پەسەند کرد.
لەگەڵ ئەوەی 31-12-2014 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجەی پەسندکردووە، بەڵام هێشتا پەرلەمانی عێراق، دوای چەندین مشتومڕ و کۆبوونەوە، دەنگی لەسەر پڕۆژەیاساکە نەداوە.
پارێزگاری هەڵەبجە لەوبارەوە رایگەیاند: "یاداشتێکمان داوەتە مەحموود مەشهەدانی و داوامان لێیکردووە لە سەردەمی ئەو دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بدەن، قسەشمان لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان کردووە، هەموو فراکسیۆنەکان لەبەرامبەر بابەتی هەڵەبجە یەکدەنگ و یەکهەڵوێستن. ئەوە ماوەتەوە بۆ ناکۆکییەکی نێوان سوننە و شیعەکان، هیوادارین ئەوانیش هەر ناکۆکییەکیان هەبێت، لەبابەتی هەڵەبجە وەلای بنێن".
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال، بڕیارە ئەم هەفتەیە لە دەروازەی سنووریی شوشمێوە رێگە بە هاتووچۆی گەشتیاری و ئۆتۆمبێل بدرێت. پارێزگاری هەڵەبجە هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند "ئەگەر باران دەرفەتمان بدات، لەگەڵ قایمقامی قەزای پاوە و بەڕێوەبەری ناحیەی نەوسوود رێککەوتووین، بە سەردانێک دەچینە ئەوێ، یەکەم ئۆتۆمبێل داخڵی تەوێڵە دەبێت لە رێگەی دەروازەی شوشمێ و لە تەوێڵەشەوە یەکەم ئۆتۆمبێل دەچێتە ئەودویو، بڕیارە ئەم هەفتەیە ئەمە بکرێت".
لەبارەی کارەکانی بازاڕگەی سازانیشەوە، ئازاد تۆفیق روونیکردەوە "بازاڕگەی سازان لەلایەن عێراق و ئێران و هەرێمی کوردستان تەواو بووە، بەڵام ئەو کردنەوەی بازاڕگەیە، مەرز نییە، واتە لە ئێرانەوە کاڵا دێتە نێو هەڵەبجە و هەرێمی کوردستان، کە کاریگەریی راستەخۆی لەسەر قووت و بژێویی خەڵک دەبێت. ئەمە پەیوەندیی بە ئاسایشی نەتەوەییەوە هەیە، واتە ئێران یان عێراق بزانن ئەم بازاڕە لە زیانیانە نایکەنەوە، خۆشبەختانە، عێراق و هەرێمی کوردستان و ئێران هەرسێکیان رەزامەندییان داوە، تەنانەت بۆ پردەکەیشی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان پارەی بۆ دەرچووە و دراوەتە بەڵێندەر. ماوەتەوە ئۆکەیەک و هاوئاهەنگییەک لەنێوان پارێزگاری کرماشان و پارێزگاری هەڵەبجە هەبێت، تاوەکو کاری تێدا بکەین".
بەشێکی جووتیار و باخەوانانی هەڵەبجە، گلەیی دەکەن کە ئەم ساڵ بەرهەمی هەناریان وەکو پێویست ساخنەبووەتەوە، لەوبارەوە پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت "بەبازاڕکردنی هەناری هەڵەبجە، دەبێت پلانی وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و پلاندانان بێت، خوا هەڵناگرێت کەمتەرخەمیان نەکردووە، بەڵام ئەوان دەبێت بۆ ساڵی 2025 پلانی بۆ دابنێن، لە هەڵەبجە لە 1ـی ئۆکتۆبەرەوە بۆ یەکی شوبات، هەزاران تۆن هەنار هەیە، باخەوانان پێیەوە ماندوو دەبن، لەو ماوەیە کیلۆی 500 دیناریان بۆ دەکات، بەڵام لە مانگی ئاداردا پێنج هەزاریش دەکات، واتە دەبێت وابکرێت ساردکەرەوەمان هەبێت تاوەکو سوودی لێوەربگرین، یاخود دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان هەناردەی بکات. ئەو پلانە لە ئاستی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە نەوەک لە ئاست پارێزگاری هەڵەبجە".