کۆمیسیۆن: ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسند کرا
رووداو دیجیتاڵ
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت: ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسند کرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2024، نەبەرد عومەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیاری پەسندکردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەرچوو، تەنیا ماوە نووسراو بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بکرێت".
نەبەرد عومەر گوتی، "هەر ئەمڕۆ بە نووسراوێک، پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەگەڵ ناوی 100 پەرلەمانتارەکە بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت و داوا دەکرێت بە زووترین کات حکومەت پێکبهێندرێت."
18ـی تشرینى یەکەم، دەنگدانى تایبەت و دوو رۆژ دواتر دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان کرا. 21ـی تشرینى یەکەم ئەنجامى بەرایی و 30ـی هەمان مانگ ئەنجامى کۆتایی ئەو هەڵبژاردنە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانەوە راگەیێندرا.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، دەبێت سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ماوەی 10 رۆژدا داوا لە پەرلەمانتارانی خولی نوێ بکات کۆببنەوە، ئەگەر لەو ماوەیەدا داوای نەکرد، پەرلەمانتاران دەتوانن لە 11ـەمین رۆژ دوای پەسندکردنی ئەنجامەکان کۆببنەوە.
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمدا پارتی 39 کورسی، یەکێتیی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، رەوتی هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی، هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان 1 کورسی و بزووتنەوەی گۆڕان 1 کورسی بەدەستهێنا.