سنووری گوندەکانی بناری قەندیل بۆردوومان کرا
رووداو دیجیتاڵ
سنووری گوندەکانی بناری قەندیل لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی بۆردوومان کران. بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر دەڵێت، فڕۆکەی تورکیا بووە. هاوسەرۆکی شارەوانی قەندیلیش دەڵێت، زیانی بۆردوومانەکە نازانن.
ئەمڕۆ هەینی 24-11-2023، نەهرۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کاژێر 08:00ـی ئەمشەو سنووری پێنج گوندی بناری قەندیل لەلایەن "فڕۆکەکانی تورکیاوە" بۆردوومان کرا.
هاوکات دڵشێر ئیبراهیم، هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمشەو بۆردوومان هەبووە، بەڵام تاوەکو ئێستا زیانەکانی نازانین".
بەگوێرەی راپۆرتی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی بۆ رووداو، کە رێکخراوەکەی بەدواداچوون بۆ بۆردوومانەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەکات و ئاماری قوربانییەکان کۆدەکاتەوە، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو نێوەڕاستی مانگی رابردوو، بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیاوە 10 کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و 12ـی دیکەش برینداربوون.
قوربانییەکان بەگوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیەن؛ لە پارێزگای سلێمانی 5 گیانلەدەستدان و 2 بریندار؛ پارێزگای دهۆک 4 گیانلەدەستدان و 2 بریندار و لە پارێزگای هەولێریش 1 گیانلەدەستدان و 8 بریندار تۆمار کراون.