لە کۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی و سەرۆکی بەشێک لە حیزبەکان لە دووکان باسی چی کراوە؟


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک و سکرتێر و ئەمینداری حیزبەکان لەسەر داوای بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشدارییان لەو کۆبوونەوەیەدا کرد کە پێشتر بانگهێشتی لایەنەکانی کردبوو. کۆبوونەوەکە لەسەر ئەو کێشە و گرفتانە بوو کە لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان و نێوان پارتی و یەکێتی دایە. یەکێتی تێڕوانین و گلەییەکانی خۆی بۆ حیزبەکانی بەشداری کۆبوونەوەکە خستەڕوو.
 
لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت، "ئەوەی ئەمڕۆ دەتوانین بڵێین کۆتاییهاتنی باسکردنی گلەییەکانە و دەتوانین بڵێین قۆناخی خۆئامادەکردنە لەسەر چۆنیەتیی چارەسەرکردنی کۆی کێشەکانی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و چۆنیەتیی رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و، چارەسەکردنی ئەو کێشانەی بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە."
 
لە کۆبوونەوەکە، پارتی کە حیزبی سەرەکی و هاوبەشی یەکێتییە لە حوکمڕانی کوردستان، بەشدار نەبوو. بڕیار درا ئەنجوومەنێکی سیاسی پێکبهێندرێت و هەر سێ هەفتە جارێک کۆببنەوە، لە هەرکۆبوونەوەیەک دەبێت حیزبە بەشدارەکان پڕۆژەیەکیان بۆ چارەسەری کێشە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان پێبێت.
 
محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان گوتی، لە کۆبوونەوەکەدا باسی پەیوەندی و کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و هەموو لایەنە سیاسییەکان کرا. دەشڵێت، پێشنیاری ئەوە کرا کە بە هەموو لایەنەکان هەوڵبدرێت ئەنجوومەنێکی سیاسی لە کوردستان دروست بکرێت، چونکە بە بڕوای ئەو "هەموو یەک بینینێک و هەموو گۆڕینەوەی بیر و رایەک گرنگە، بەڵام پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان بە تایبەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانی تێدا بێت."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بافڵ تاڵەبانی لەنێو کۆبوونەوەکە بە کەسی یەکەمی حیزبەکانی گوتووە کە هەوڵەکانی خۆی بۆ رێککەوتن و چارەسەری کێشەکان لەگەڵ پارتی ئەنجامێکی نەبووە و با پێکەوە هەموو کێشەکان چارەبکەن. بڕیارە حیزبەکان بچنە لای پارتی و پەیامی کۆبوونەوەکەشیان پێبگەیێنن، بەڵام کاتەکەی  دیار نییە.
 
عەبدوڵڵا نازەنینی، سکرتێری بزووتنەوەی رزگاریی دیموکراتی کوردستان گوتی، کۆبوونەوەیەکی باش بوو لەگەڵ هەموو لایەنەکان قسەکراوە و هەوڵدەدەن لەگەڵ پارتی قسەبکەن و کۆببنەوە "بۆئەوەی هەموو کێشەکان چارەسەر بکرێن و کۆبوونەوەی دیکەیش دەبێت."
 
لە کۆبوونەوەکە جگە لە کێشە سیاسییەکان، مەترسیی هێرشەکانی ئێران و تورکیا بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان تاوتوێکران و نیگەرانیی تیمی یەکێتی لە حکومەت، کێشەی داهاتی سلێمانی، پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر و پڕۆژەیاسای 2023 یش 
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.