بەهۆی هێرشەکەی تورکیاوە 12 کەس لە رۆژئاوای کوردستان گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

تورکیا شەوی رابردوو بەچڕی چەند پێگەیەکی لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان بۆردوومان کرد. بەگوێرەی زانیارییەکان، تەنیا لە رۆژئاوای کوردستان 12 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رۆژی 24ـی تشرینی یەکەم راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی رۆژئاوای کوردستانەوە بڵاوکردەوە و گوتی، ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی فراوانیان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان و شەڕڤانانی یەپەگە لە رۆژئاوای کوردستان کردووە. 
 
بەپێی بەرگریی تورکیا ، 32 ئامانج تێکشکێندراون و ژمارەیەک گەریلا و شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە.
 
بەگوێرەی زانیارییە خۆجێیەکان، تەنیا لە رۆژئاوای کوردستان 12 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
میدیای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان دەڵێن، هێرشی فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپخانەکانی تورکیا بۆ سەر قامشلۆ، دێرک، کۆبانێ، تلرەفعەت و منبج بوونە. 
 
دوای بۆردوومانەکەی تورکیا، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "تورکیا بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و بەبێ پاساو ناوچەکانمان بۆردوومان دەکات، ناوەندە خزمەتگوزاریی و تەندروستییەکان دەکاتە ئامانج، ئەمە تاوانی راستەقینەی جەنگە."
 
مەزڵووم عەبدی هەروەها دەڵێت: "ئێمە چەندینجار ئامادەیی خۆمان بۆ دیالۆگ نیشانداوە، بەڵام جەخت لەوە دەکەینەوە کە هێزەکانمان بۆ پاراستنی گەل و خاکمان ئامادەن."