عومەر ئۆجەلان: دوێنێ عەبدوڵڵا ئۆجەلانم بینی

رووداو دیجیتاڵ 

عومەر ئۆجەلان برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە 23ـی تشرینی یەکەم چوونەتە ئیمڕاڵی و رووبەڕوو دیداریان لەگەڵ ئۆجەلان هەبووە. 
 
عومەر ئۆجەلان رۆژی پێنجشەممە 24ـی تشرینی یەکەم لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "ئێمە وەک خێزانێک دوای چەندین ساڵ لە 23ـی تشرینی یەکەمی 2024 لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان کۆبوونەوەیەکمان هەبوو".
 
عومەر ئۆجەلان لە پۆستەکەیدا هەروەها نووسیویەتی: "دوایین دیداری رووبەڕوو لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان رۆژی 3ـی ئاداری 2020 بوو. ئێمە وەک خێزانێک دوای چەندین ساڵ لە 23ـی تشرینی یەکەمی 2024 کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان هەبوو. دەمانەوێت سەردانی رۆتینی خێزان، کە مافێکی یاساییە، بەبێ گوێدانە بارودۆخەکە بەردەوام بێت". 
 
عەبدولقادر سەلڤی کە رۆژنامەڤانێکی دیاری تورکیایە و نزیکە لە دەسەڵاتی ئاکپارتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە گوتارێکدا نووسیویەتی، "یەکەم دیدار لەگەڵ ئۆجەلان دوای 43 مانگ کرا. سەلڤی رایگەیاند، برازاکەی ئۆجەلان، عومەر ئۆجەلان، دوێنێ چووە ئیمراڵی و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبووەوە."
 
سەلڤی نووسیویەتی، "بەهۆی بارودۆخی دوورگەکەوە، رۆژی چوارشەممە داوا لە عومەر ئۆجەلان کرا لە دەرچەی سەربازی لە شارۆچکەی مودانایا سەربە پارێزگای بورسا ئامادە بێت. عومەر ئۆجەلان بەرەبەیانیی دوێنێ بە کەشتییەک کە لە دەرچەی مودانیا وەستابوو گواسترایەوە بۆ ئیمراڵی. دیداری نێوان عومەر ئۆجەلان و عەبدوڵڵا ئۆجەلان کاژێر 11:00 دەستیپێکرد و تا پاشنیوەڕۆ بەردەوام بوو".
 
ئەو رۆژنامەڤانە دەڵێت، "دەگوترێ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە دیدارەکەیدا لەگەڵ عومەر ئۆجەلان، ئەو پەیامەی داوە کە ئەگەر مەرجی گۆشەگیری نەهێڵرێت و دەرفەتی پەیوەندیکردنی بۆ بڕەخسێت، دەتوانێت رۆڵی هەبێت لە دانانی چەک."
 
بە گوتەی سەلڤی، "ئۆجەلان گوتوویەتی، من ئامادەم بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆم جێبەجێ بکەم، داوا لە رێکخراوەکە دەکەم چەکەکانی دابنێت".
 
سەلڤی هەفتەی رابردووە لە گوتارێکی دیکەیدا ئاماژەی بەوەدابوو، دوای دوایین لێدوانەکانی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە، رەنگە ئەو گۆشەگیرییەی بەسەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەدا سەپێنراوە، هەڵبگیرێت. بەم پێیە، داواکاریی عومەر ئۆجەلانی برازای و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها بۆ دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ـی مامی هەڵدەسەنگێندرێت.
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی سێشەممە (22ـی تشرینی یەکەم) لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا داوای کرد گۆشەگیریی سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەڵبگیرێت و بێت لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمان قسە بکات و بڵێت "تیرۆر بە تەواوی کۆتاییهاتووە و هاواربکات و بڵێت رێکخراوەکە (پەکەکە) هەڵوەشێندراوەتەوە."
 
بەر لەم دیدارە دوایین جار، رۆژی 25ی ئاداری 2021 محەممەد ئۆجەلان، بە تەلەفۆن بۆ ماوەی چوار خولەک قسەی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلانی برای کرد. دواتریش پارێزەرانی ئۆجەلان چەندینجار داواكارییان پێشكەشی سەرۆكایەتیی داواكاری گشتیی كۆماریی لە بوڕسا كرد بۆ بینینی ئۆجەلان، بەڵام سەرجەم داواکارییەکەیانیان رەتکرانەوە.
 
هەریەک لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، عومەر خەیری کۆنار، وەیسی ئاکتاش و حامیلی یڵدرم لە ئیمراڵی بەندکراون. ئەگەرچی پارێزەرانیان رەخنە و ناڕەزایی زۆریان لەبارەی هەلومەرجەکانی سەر گرتووخانەکە هەیە و داوای رێپێدان بۆ سەردانیکردنی دوورگەکە دەکەن، بەڵام رەت دەکرێنەوە.
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە 15ی شوباتی 1999 لە ئۆپەراسیۆنێکی میت لە کینیا دەستگیرکرا و گەڕێندرایەوە تورکیا. 
 
دوای دادگاییکردنی، رۆژی 29ی حوزەیرانی 1999 فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی سزای لە سێدارەدان لە تورکیا، حوکمەکەی گۆڕدرا بۆ زیندانی تاهەتایی قورسکراو.