ئەندامێکی یەکێتی جووتیاران: کاتی پەڵە دوانەکەوتووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی مەکتەبی جێبەجێکاری یەکێتیی جووتیاران لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: "باشترین کات بۆ پەڵە کەوتن کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمە، بەڵام تاوەکو کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمیش پەڵە نەکەوێت ئاساییە. کەشناسێکیش دەڵێت، لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان باشترین بارانی پەڵەی ئەم ساڵ دەکەوێتە مانگی 12.
 
هەرچەندە زیاتر لە مانگێک بەسەر مانگی پاییزدا تێپەڕیوە، بەڵام تائێستا بەپێی پێویست باران نەباریوە. ئەمڕۆ 24ی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵکەوت محەممەد، ئەندامی مەکتەبی جێبەجێکاری یەکێتیی جووتیاران لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "ئێستا (کۆتایی مانگی 10) باشترین کاتە بۆ پەڵە کەوتن، بەڵام ئەگەر نەشکەوێت ئاساییە چونکە تاوەکو کۆتایی مانگی 12 کاتەکەی هەر گونجاوە."
 
هەڵکەوت محەممەد گوتی: "لەبەرئەوەی لە نیوەی یەکەمی مانگی پاییز زەوی سەرمای نەبووە، بەباشی ئاو هەڵدەمژێت و بە ماوەیەکی کەمتری بارانبارین پەڵە دەکەوێت، ئەگەر نزیکەی 7 کاژێر نمەباران ببارێت ناخی زەوی 30-40 سم تەڕ و شێدار دەبێت، ژێر زەوی خۆی لە قوڵایی 60سم شێدارە، دوای چەند کاژێرێک یەک دەگرن و پەڵە دروست دەبێت".
 
لە بارەی کاتی بارانی پەڵە لە هەرێمی کوردستان محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت، " باشترین کات بۆ دروستبوونی پەڵە مانگی 10-11یە بە تایبەتی مانگی 10، پەڵە تاوەکو 25ی تشرینی دووەم دوابکەوێت ئاساییە، بەڵام نابێت بگات بە سەرەتای مانگی کانوونی دووەم؛ چونکە ئەو کات زیان بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەگەیێنێت."
 
محەممەد کەمال دەڵێت: " پێویستە لەو ماوەیەی بارانی پەڵە 25 بۆ 30 ملیم بە نەرمی ببارێت، پێشبینی دەکەین 80٪ی ناوچەکانی کوردستان ئەم ساڵ لە مانگی 12 بارانی پەڵەیان لێ ببارێت، ناوچە کوێستانییەکانیش تشرینی دووەم."
 
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 5.5 ملیۆن دۆنم زەوی کشتوکاڵی هەیە. کە ساڵانە زیاتر لە 3 ملیۆن دۆنمی دەکرێتە گەنم و جۆ و پشت بە ئاوای باران دەبەستن.