دابەشکردنی خۆراکی هەولێر: بۆ دابەشکردنی هەشتەم بەشە خۆراک چاوەڕێی بڕیاری بەغداین

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

پرۆسەی دابەشکردنی حەوتەم بەشەخۆراکی مانگانە لە پارێزگای هەولێر لەقۆناخی کۆتاییدایە و هێشتا وادەی دابەشکردنی بەشەخۆراکی هەشتەم دیارنییە. بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی هەولێر دەڵێت: "بۆ دابەشکردنی بەشەخۆراکی هەشتەم چاوەڕێی بڕیاری بەغداین."
 
حکومەتی عێراق لەرێگەی کۆمپانیای گشتیی بارزگانی خۆراکەوە ساڵی رابردوو لە سەرتاسەری عێراق 10 بەشەخۆراکی بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشکرد و هێشتا روون نییە ئاخۆ ئەم ساڵ دە بەشەخۆراک دابەشدەکات یان کەمترە.
 
دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی پارێزگای هەولێر بە رادیۆی رووداوی گوت: "تائێستا 7 سەبەتەی خۆراک [بەشە خۆراک] دابەشکراوە و ئێستا لە قۆناخی کۆتایی پرۆسەکەداین و سەرەتای هەفتەی داهاتوو هەمووی تەواو دەبێت."
 
لەبارەی وادەی دابەشکردنی هەشتەم بەشەخۆراکەوە بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی پارێزگای هەولێر دەڵێت: "ساڵی رابردوو 10 بەشەخۆراک دابەشکرا، بەڵام روون نییە ئەم ساڵ چەند دابەش دەکرێت، چاوەڕوانی بڕیاری وەزارەتی بازرگانی عێراق دەبین بۆ دابەشکردنی بەشەخۆراکی هەشتەم."
 
لە سنووری پارێزگای هەولێر نزیکەی 23 کۆگای خۆراک هەن کە 15 کۆگایان لەناو هەولێر، 8 کۆگاش لە دەرەوەی هەولێرن و توانای هەڵگرتنی نزیکەی 23 هەزار تۆن خۆراکیان هەیە لە یەککاتدا.
 
دلێر عەبدولواحید گوتی: "خۆراکی پێویست لە کۆگەکاندا هەن و کەی بڕیار بدرێت دابەشی دەکەین."
 
مانگانە نزیکەی 13 هەزار تۆن ماددەی خۆراک بەسەر دانیشتووانی سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران لە رێگەی نزیکەی 2,100 بریکاری خۆراکەوە دابەش دەکرێت.
 
بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک دەڵێت: "مانگانە نزیکەی 489 هەزار خێزان کە یەک ملیۆن و 960 هەزار کەسن سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە."
 
لەدوای بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ گۆڕینی فۆرمی خۆراک لە کاخەزەوە بۆ فۆرمی ئەلیکترۆنی، مامەڵەی زیادکردنی منداڵ بۆ لیستی خێزانەکان و ئەوانەی ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە راگیراوە.
 
دلێر عەبدولواحید گوتی: "هەموو کارێکی زیادکردنی ئەندامانی خێزان و هاوسەرگیری، بەهۆی گۆڕینی فۆرمی خۆراک بۆ کارتی ئەلیکترۆنییەوە راگیراوە، هیچ کەسێک بۆ فۆرمی خۆراک زیاد ناکرێت."
 
بڕی بەشە خۆراکی دابەشکراو بۆ هەر تاکێک:
 
رۆنی شل: یەك لیتر
دۆشاوی تەماتە: 400 گرام
شەکر: یەك كیلۆ گرام
نیسک: 250 گرام
نۆک: 250 گرام
ماش: 250 گرام.
لەتکە نۆک: 250 گرام
برنج: سێ كیلۆگرام