ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی حیزبەکە کۆدەبێتەوە.
چەند سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، رۆژی پێنجشەممە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی لەسەر قۆناخەکانی دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، کۆبوونەوەکە کاژێر 11:00 لە سلێمانی دەکرێت و تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە لەبارەی هەنگاوەکان و قۆناخەکانی دوای هەڵبژاردن و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە دەبێت.
رۆژی سێشەممە 22-10-2024 مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی کۆبووەوە. کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. دوای کۆبوونەوەکە، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی بە "پرۆسەیەکی سەرکەوتوو" وەسف کردبوو و رایگەیاندبوو "مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دوای هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنەی پرۆسەی هەڵبژاردن و بڕیاردان لە دەستپێشخەری و سیاسەتی ژیرانە بۆ ئامانجەکان، لە هەمان کاتدا هەڤاڵان و دامەزراوەکانی یەکێتی راسپارد بە هەمان گیانی بەرزی یەکێتییانەوە، لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق بکرێت."
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان توانی 23 کورسی بەدەستبهێنێت، لە بازنەی سلێمانی 15 کورسی، بازنەی هەولێر6 کورسی، بازنەی دهۆک 1 کورسی و هەڵەبجە 1 کورسی.
رۆژی 18ی تشرینی یەکەم دەنگدانی تایبەت و لە 20ی هەمان مانگ، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەچوو.