لەبەردەم بنکەیەکی پۆلیس لە سلێمانی تەقەکرا و سێ کەس بریندار بوون

رووداو دیجیتاڵ 

لە گەڕەکی کوردساتی سلێمانی لە بەردەم بنکەیەکی پۆلیس دا ژمارەیەک چەکدار تەقە دەکەن، بەهۆیەوە سێ کەس بریندار دەبن، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، دوو لە بریندارەکان کارمەندی پۆلیسن و یەکێکی دیکە سڤیلە.
 
رۆژی پێنجشەممە 24ـی تشرینی یەکەمی 2024 نزیکەی کاژێر 10:50 خولەک رووداوێکی تەقەکردن لەبەردەم بنکەی پۆلیسی گەڕەکی کوردسات لە شاری سلێمانی روویدا. 
 
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "تەقەکەرەکان بە هاوکاریی ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکراون."
 
لەبارەی بریندارەکانەوە گوتەبێژی پۆلیس دەڵێت، "یەکێک لە بریندارەکان ئەفسەری پۆلیسە و ئەو دیکە پۆلیسی ئاسایی، هەروەها کەسی سێیەمیش هاووڵاتیی سڤیلە."
 
بریندارەکان لە نەخۆشخانەن، سەرکەوت ئەحمەد گوتی: "دۆخی تەندروستییان جێگیرە و لە مەترسیی دوورن."
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست پەیامنێری رووداو کەوتوون، چەند کەسێک هاتوونەتە بنکەکە سکاڵا تۆمار بکەن، بەڵام لەلایەن سکاڵالێکراوەکان تەقەکراوە. دواتر گوتەبێژی پۆلیس زانیارییەکانی پشڕاستکردەوە.
 
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو لەبەردەم بنکەی پۆلیسی کوردساتەوە گوتی: "تەقەکەرەکان بە ئۆتۆمبێلێکی نیسان پاترۆڵ هاتوونەتە بنکەکە و چەند گوللـەیەکیان تەقاندووە و بەهۆیەوە سێ کەس برینداربوون." 
 
لە سەرەتای رووداوەکەدا سەرچاوەیەک لە پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی گوت: "ئەو دوو لایەنە کێشەی کۆمەڵایەتییان هەبووە و پۆلیس لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەستپێکردووە."
 
ئەو شوێنەی رووداوەکە لێی روویداوە، بەردەم بنکەی پۆلیسی کوردساتە، پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەکرد، کە هیچ ئاسەوارێکی گوللـە بە باڵەخانەکەوە دیار نییە.