پرسەنامەی سەرکردە سیاسییەکانی کوردستان بۆ کۆچی دوایی حەمید حاجی دەروێش
رووداو-هەولێر
حەمید حاجی دەروێش، یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەكەم پارتی كوردی لە سووریا و سكرتێری پارتی دیموكراتی پێشڤەڕۆی كورد بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە قامشلۆ کۆچی دواییکرد.
سەرکردە سیاسییەکانی کوردستان پرسەنامەیان بۆ کۆچی دوایی حەمید حاجی دەروێش ناردووە کە ئەمانەی خوارەوەن
پرسەنامەی سەرۆک بارزانی
بەناوی خوای گەورە و میھرەبان
بۆ خانەوادەی بەڕێزی عەبدولحەمید حاجی دەروێش
بە داخەوە ھەواڵی کۆچی دوایی عەبدولحەمید حاجی دەروێش، سكرتێری پارتی دیموكراتی پێشڤەڕۆی كوردی لە سووریامان پێ گەیشت.
لەم بۆنە خەمناكەدا، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادە و تەواوی ھاوخەبات و ھەڤاڵانی خوالێخۆشبوو دەكەم و خۆم بە ھاوبەشی خەمتان دەزانم.
لە خوای گەورە دەپاڕێمەوە گیانی کاک عەبدولحەمید بخاتە بەر دلۆڤانیی خۆی و دڵنەوایی ھەموولایەك بدات.
اناللە وانا الیە را‌جعون
مەسعود بارزانی
٢٤ـی١٠ ـی٢٠١٩
پرسەنامەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
ژبۆ کۆچا داویێ یا خوه‌دێ ژێ ڕازی حەمید حاجی دەروێش، سهکرهتهرێ پارتییا ده‌مۆکراتا پێشڤهڕۆیا کورد ل سووریا، به‌هیداری و سه‌رساخیێ ل مالبات و که‌سوکار و دۆست هه‌ڤالێن وی دکه‌م، هه‌ڤپار و هه‌ڤخه‌مێ وانم.
خوه‌دێ ژێ ڕازی حەمید حاجی دەروێش، ژیانا خوه ژبۆ خزمه‌تا گه‌لێ خوه ده‌رباز کر و د ڤێ ڕێده گه‌له‌ک زۆر و زه‌حمه‌تی کشاندن. خوه‌دایێ مه‌زن جانێ وی ب دلۆڤانی و به‌هه‌شتا خوه شا بکه و سه‌بر و هه‌دارێ بده مالباتا وی.
نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆکێ هه‌رێما کوردستانێ
24/١٠/٢٠١٩
كۆسره‌ت ره‌سوول بۆ كۆچی دوایی حه‌مید حاجی ده‌روێش پرسه‌نامه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه
زۆر به‌داخه‌وه هه‌واڵی كۆچی دوایی سیاسه‌تمه‌دارى گه‌وره‌ى كورد‌و خه‌باتگێڕی نیو سەدە خەباتی كوردستان (حه‌مید ده‌روێش) سكرتێری پارتى پێشكه‌وتنخوازى كورد له سوریام بیست، مامۆستا حه‌مید ده‌روێش له ته‌مه‌نى پڕ به‌خشش و خه‌باتى سیاسی خۆیدا وه‌ك سیاسهتمهدارێكى گه‌وره‌و خاوه‌ن هه‌ڵوێستى نیشتمانى هاوشانى سیاسه‌تمه‌دارانى كورد خزمه‌تى گه‌وره‌و به‌رچاوى به ره‌وتى نیشتمانپه‌روه‌رى و دۆزى ره‌واى گه‌لى كورد كردووه و هەمیشە لەگەڵ ئاشتی و ئارامی و پێكەوەژیان بووەو خەباتی بۆی كردووە.
لهمدواییانهو له له‌دۆخى تازه‌ى رۆژئاواى كوردستان، هه‌ڤاڵ حه‌مید ده‌روێش رۆڵێكى گه‌وره‌ى نیشتمانیانهو كوردهپهروهرانهى هه‌بوو و خه‌باتى ده‌كرد بۆ به‌ده‌ستهێنانى مافه‌ره‌واكانى گه‌لى كورد‌و پاراستنى كوردستانیان له رۆژئاواى كوردستان.
كۆچی دوایی حه‌مید ده‌روێش خه‌ساره‌تێكى گه‌وره‌یه له‌كاروانى خه‌باتی سیاسی كورد و هه‌موومان نیگه‌ران و خه‌مبارین، داواكارم له‌خواى گه‌وره سه‌بوورى هه‌موومان بدات و كۆچكردوو به به‌هه‌شتى به‌رینى خۆی شاد بكات.
انا لله وانا الیه را‌جعون
كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لى
جێگری سكرتێری گشتى
یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان
مەزڵووم کۆبانێ: سەرەخۆشی لەتەواوی گەلی کورد دەکەین
ئەمڕۆ هەواڵێکی ناخۆشمان پێگەیشت، کە مامۆستا حەمید حاجی دەروێش وڵاتپارێزی گەورەی کورد و سکرتێری پارتی پێشڤەڕۆ کۆچی دوایی کرد، بەوبۆنەوەیە سەرەخۆشی لە خانەوادەکەی و پارتەکەی و تەواوی گەلی کورد دەکەین، لەو باوەڕەین هەڤاڵەکانی لەسەر رێبازەکەی ئەو بەردەوام دەبن.
دوێنێ ئێوارە پێش کۆچی دوایی پەیامێکی مامۆستا حەمید حاجی دەروێشم پێگەیشت، کە تیایدا ئامۆژگاری و بۆچوونەکانی خۆی خستبوونەڕوو. پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەکانتان (رۆژنامەڤانان) بدەمەوە، دەمەوێت بڵێم چەندی لەدەستمان بێت سەرەنج و بۆچوونەکانی مامۆستا حەمید حاجی دەروێش جێبەجێ دەکەین. بەبۆنەی کۆچی دواییەوە سەرەخۆشی لەتەواوی گەلی کورد دەکەین.
حەمید حاجی دەروێش کێ بوو؟
حەمید حاجی دەروێش لە ساڵی 1936 لە گوندێک بەناوی قەهرەمانیا لە دەڤەری دربێسیێ لەدایکبووە و سكرتێری پارتی دیموكراتی پێشڤەڕۆی كورد لە سووریا بوو.
بنەماڵەکەیان سەر بە عەشیرەتی عەزیزه، ساڵی 1944 چووەتە قوتابخانە و لە ساڵی 1953 شاعیری ناوداری کورد جگەرخوێن دەناسێت و کاریگەری زۆر لەسەر حەمید دەروێش دادەنێ.
لەگەڵ ئەوەی کە بزووتنەوەی چەپ بەشێوەیەکی بەرفروان لە ناو خوێدنکاران و رۆشنبیراندا پەرە دەستێنێ، بەڵام حەمید دەروێش زیاتر خۆی لە خەڵکانی نەتەوەیی نزیک دەکاتەوە.
ساڵانی پەنجاکان دەبێتە ئەندامی یەکێتی قوتابیانی زانستگەی شام و لەگەڵ چەندین کوردی دیکە بەتایبەتی خوێندکارانی باشووری کوردستان چالاکی جۆراوجۆر ئەنجامدەدەن.
یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا کە لە ساڵی 1957 دامەزرا. چەندین جار لەلایەن رژێمی سووریاوە دەستگیر کراوە. کاتێک سەرکردایەتی پارتەکەیان لە لایەن رژێمی سووریاوە دەستگیر دەکرێن، حەمید دەروێش سەرکردایەتی پارتەکە دەکات.
پەیوەندیەکی پتەوی لەگەڵ مستەفا بارزانی و مام جەلال دا هەبوو و زۆربەی سەرکردەکانی کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان دەناسێت.
ژیننامەی حەمید حاجی دەروێش
سكرتێری پارتی دیموكراتی پێشڤەڕۆی كورد بوو لە سووریا
ساڵی 1936 لە گوندی قەهرەمانیا لە دربێسیێ لەدایکبووە
خوێندنی ناوەندی لە دیمەشق تەواوکردووە
ساڵی 1957 یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی یەکەم پارتی کوردی لە سووریا
ساڵی 1990 تاوەکو 1994 بووە ئەندامی پەرلەمانی سووریا
حیزبەکەی لە ساڵی 2015 لە نێو ئەنەکەسە کشایەوە
لە 24-10-2019 کۆچی دوایی کرد