ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆبوونەوەدایە؛ "رۆژی بانگەشە دیاری دەکرێت"

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆن لە کۆبوونەوەدایە بۆ پەسندکردنی لیستی ناوی بەربژێران و دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، خالید عەباس، سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆبوونەوەدان و بڕیارە رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن یەکلا بکەنەوە".
 
خالید عەباس گوتی: "ئەگەر ئەمڕۆ ناوی بەربژێرەکان پەسند کرا، هەر ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاری دەکرێت".
 
هەر ئەمڕۆ مەروان محەممەد، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت، دوای پەسەندکردنی ناوی بەربژێران لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە، لە ماوەی 24 کاژێردا بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات.
 
وردبینیی ناوی بەربژێران لە وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەستپاکی کۆتاییهاتووە و دەبێت کۆمیسیۆن پەسندیان بکات. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ ناوەکان پەسندنەکراون.
 
18ـی مانگی 10ـی ئەم ساڵ، دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت و 20ـی هەمان مانگ دەنگدانی گشتی.
 
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە دوو ملیۆن و 683 هەزار و 618 ـیان دەنگدەری گشتی و 215 هەزار و 960ـیان دەنگدەری تایبەتن.
 
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان 1431 بنکەی دەنگدان دەبن؛ 1266ـیان بنکەی دەنگدانی گشتی و 165ـیان بنکەی دەنگدانی تایبەتن.
 
بەپێی خشتەی پەسندکراوی کۆمیسیۆن بۆ دابەشبوونی پەسندکراوی بنکەکانی دەنگدان، ئەو بنکانە بەم شێوەیە بەسەر بازنە و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەش دەبن:
 
پارێزگای هەولێر
 
- بنکەکانی دەنگدانی گشتی: 498
- بنکەکانی دەنگدانی تایبەت: 62
 
پارێزگای سلێمانی
 
- بنکەکانی دەنگدانی گشتی: 477
- بنکەکانی دەنگدانی تایبەت: 57
 
پارێزگای دهۆک
 
- بنکەکانی دەنگدانی گشتی: 264
- بنکەکانی دەنگدانی تایبەت: 33
 
پارێزگای هەڵەبجە
 
- بنکەکانی دەنگدانی گشتی: 27
- بنکەکانی دەنگدانی تایبەت: 1
 
هەروەها ئەم بنکانەش بۆ دەنگدانی تایبەت لەم پارێزگایانە دەکرێنەوە:
 
- نەینەوا: 4 بنکە
- بەغدا: 3 بنکە
- کەرکووک: 1 بنکە
- ئەنبار: 1 بنکە
- سەڵاحەددین: 1 بنکە
- دیالە: 1 بنکە
- واست: 1 بنکە
 
1198 بەربژێر وەک سەربەخۆ، بەربژێری کۆتای پێکهاتە، پارت و هاوپەیمانیێتییەکان کێبڕکێی بەدەستهێنانی 100 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.