وەزارەتی خوێندنی باڵا: ئەمساڵ نزیکەی حەوت هەزار دەرچووی ساڵانی رابردوو وەرگیران

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی خوێندنی باڵا، دڵنیایی دەدات لەوەی ئەمساڵ جگە لە وەرگرتنی سەرجەم ئەو خوێندکارانەی دەرچوون، نزیکەی حەوت هەزار دەرچووی ساڵانی رابردووش لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیران.
 
بەڕێوەبەری گشتیی خوێندن و پلاندانان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێت، ئەمساڵ پلانی وەرگرتنی 63 هەزار و 13 دەرچوویان هەبووە، بەڵام 37 هەزار و 290 دەرچوو داواکارییان پێشکێشکردووە؛ لەو ژماریەش 36 هەزار و 92 دەرچوو وەرگیراون و ئەوانەشی وەرنەگیراون، وەردەگیرێن.
 
رۆژی یەکشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2023، د. خەتاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی خوێندن و پلاندانان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئەنجامی وەرگیرانی دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی راگەیاند و گوتی، ئەمساڵ وەکو سێ ساڵی رابردوو، تەواوی دەرچووان کە داواکاریی خوێندنیان لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان پێشکێشکردووە، وەردەگیرێن.
 
بەگوێرەی ئەو داتایانەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە خوێندنی باڵای داوە، ئەمساڵ 47 هەزار و 788 دەرچووی 12ـی ئامادەیی هەبوون؛ 30 هەزار و 661 دەرچووی زانستی، 15 هەزار و 716 دەرچووانی وێژەیی، هەزار و 250 دەرچووی پیشەیی و 159 دەرچووانی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان.
 
خەتاب ئەحمەد گوتی، پلانی وەرگرتنی وەزارەتی خوێندنی باڵا بریتی بووە لە وەرگرتنی 63 هەزار و 13 دەرچووی 12ـی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان، بەڵام ژمارەی دەرچووان لەوە کەمتر بوو.
 
بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی، 37 هەزار و 290 قوتابی دەرچوو داواکارییان پێشکێش کردبوو؛ هەروەها 2 هەزار و 598 دەرچووی ساڵی 2022 لەگەڵ 6 هەزار و 882 دەرچووی ساڵانی پێشتر، داوایان کرد لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەربگیرێن، کە کۆی پێشکێشکاران کەمتر بووە لە کورسییەکانی خوێندن.
 
 
لە دەرچووانی ئەمساڵ، 36 هەزار و 92 دەرچووی 12ـی ئامادەیی وەرگیراون؛ دەرچووانی ساڵانی رابردووش 6 هەزار و 893 کەس وەرگیراون. 
 
خەتاب ئەحمەد گوتی، ئەمساڵ هەزار و 198 قوتابی وەرنەگیراون، کە هۆکارەکەی ئەوە بووە؛ بەشێکیان بۆ هەندێک کۆلێژ فۆرمیان پڕکردووەتەوە کە ئاستی کۆلێژەکە بەرزتر بووە لەو نمرەیەی هەیان بووە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی خوێندن و پلاندانان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دڵنیایی ئەوەی دا؛ تەواوی دەرچووان وەردەگیرێن، گوتی  "20 هەزار و 197 کورسی بەتاڵ لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان ماونەتەوە بۆیە ئەوەی وەرنەگیرابێت، وەردەگیرێت."