بە بەشداری شەش هونەرمەند تیپی میوزیکی سلێمانی کۆنسێرتێک لە هەواری شار سازدەکات
رووداو - سلێمانی
رۆژی هەینی تیپی میوزیکی سلێمانی بە بەشداری 39 میوزیکژەن و شەش هونەرمەند لە پارکی هەواری شاری سلێمانی کۆنسێرتێک سازدەکەن، بەڕێوەبەری هونەری تیپەکەش دەڵێت، هەوڵیانداوە کاریگەری میوزیکی وڵاتانی دراوسێ لەسەر میوزیکی کوردی کەمبکەنەوە.
فەرەیدون دارتاش، بەڕێوبەری تیپی میوزیکی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات "هەوڵمانداوە میوزیکی کوردی لە میوزیکی تورکی، عەرەبی و فارسی بتەکێنین، بۆ ئەوەی گۆرانی و میوزیکێکی رەسەنی کوردی بەرهەمبهێنین و پێشیبخەین.
فەرەیدون دارتاش ئاماژەی بەوەشکرد، بە نیازن لە هەولێر و دهۆکیش کۆنسێرتی لەوشێوەیە بکەن.
حەمید عوسمان، گۆرانیبێژە، دەڵێت "لە کۆنسێرتەکەدا بە سێ گۆرانی بەشدارە"، ئەو جۆرە کۆنسێرتانەش بە دەرفەتێکی باش دەبینێت بۆ هونەرمەندە گەنجەکان.
تیپی میوزیکی سلێمانی لە ساڵی 1967 دامەزراوە، لە ساڵی 1973 بە فەرمی مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە و ئێستا 39 میوزیکژەن کاری تێدادەکەن.