لە سەنگەسەر کەسێک لەسەر پوش و پاوان دەکوژرێت
رووداو-هەولێر
لە شەڕی نێوان دوو گوندی سەر بە شارۆچکەی سەنگەسەر لەسەر پوش و پاوان، کەسێک کوژرا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون، پۆلیسیش سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی رووداوەکەیە.
شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەرین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، بەهۆی کێشەی پوش پاوان شەڕ لەنێوان دانیشتووانی گوندەکانی دەشتێوان و قەڵاتووکانی سەر بە شارۆچکەی سەنگەسەر لە قەزای پشدەر روویدا، کە چەکی تێدا بەکارهاتووە، بەهۆیەوە کەسێک کوژرا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.
گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بەوە کرد، کوژراوەکە ناوی (س. ع. ح)ـە، لەدایکبووی 1987ـە، پیشەی پێشمەرگەیە و دانیشتووی گوندی (دەشتێوان)ـە.
بریندارەکانیش یەکێکیان ناوی ناویان (ئ، ع، ن)ـە و لەدایکبووی ساڵی 1999ـە، پیشەی شوانە و دانیشتووی گوندی خوارانە. بریندارەکەی دیکەش ناوی (ر، ع، ئ)ـە، لەدایکبووی ساڵی 1984ـە، پیشەی پێشمەرگە و دانیشتووی گوندی (دەشتێوان)ـە.
بە گوتەی شۆڕش ئیسماعیل بریندارەکان گەیێندراونەتە نەخۆشخانەی گشتیی رانیە. هێزەکانی پۆلیسیش لە شوێنی رووداوەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و پەڕاوی لیکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە.