جگە لە سلێمانی هیچ تووشبوویەکی کۆلێرا لە باشووری کوردستان تۆمارنەکراوە

رووداو دیجیتاڵ

بەدواداچوونێکی رووداو دەریدەخات کە لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، هەڵەبجە و کەرکووک هیچ تووشبوویەکی کۆلێرا تۆمارنەکراوە.
 
ئەمڕۆ (شەممە، 24ـی ئابی 2024) دکتۆر رەهێڵ فەرەیدوون، بریکاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە سلێمانی 8 تووشبووی کۆلێرا تۆمارکراون.
 
لە هەولێر ژمارەیەک نەخۆش بەهۆی سکچوون و رشانەوە لە نەخۆشخانەکان خەوێندراون، بەڵام بەرپرسێکی باڵای تەندروستی لە هەولێر بە رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ، هیچ تووشبوویەکی کۆلێرا تۆمارنەکراوە." 
 
لە دهۆکیش هیچ تووشبوویەکی کۆلێرا تۆمارنەکراوە. مەتین ئەمین، گوتەبێژی تەندروستیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە هیچ نەخۆشخانەیەکی سنوورەکەمان، تووشبوون بە نەخۆشیی کۆلێرا تۆمارنەکراوە." 
 
لە هەڵەبجەش نەخۆشییەکە تۆمارنەکراوە. دکتۆر ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک وەک تووشبوو بە کۆلێرا لە سنوورەکەیان دەستنیشان نەکراوە.
 
لەبارەی کەرکووکیشەوە، سامان یابە، گوتەبێژی تەندروستیی شارەکە بە رووداوی گوت، "ئەم ساڵ تاوەکو ئەمڕۆ، هیچ تووشبوویەکی کۆلێرا لە سنوورەکەمان تۆمارنەکراوە." 
 
ئەو کەسانەی سکچوون و رشانەوە بە قورسی دەگرن، گومانی تووشبوون بە کۆلێرایان لێ دەکرێت.
 
پزیشکان بۆ خۆپاراستن لە سکچوون و رشانەوە، داوای جێبەجێکردنی ئەم رێنوێنییانە دەکەن:
 
- بەبەردەوامی دەستت بە سابوونی شل بشۆ، بەتایبەت پێش نانخواردن، ئامادەکردنی خۆراک، شیردان بە منداڵ و دوای چوونە توالێت و هەڵسوکەوت لەگەڵ نەخۆش. 
 
- تانکیی ئاوی خواردنەوەی ماڵەکانتان بە بەردەوامی پاک بکەنەوە.
 
- سەوزە و میوە بەباشی بە خوێ یان مادەی پەرمەنگەناتی پۆتاسیۆم بشۆ، پێش ئەوەی بیخۆی. 
 
- خواردنی سەر عەرەبانە و دەستگێڕەکان مەخۆ.
 
- دڵنیابەوە لە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە.