لە چۆمان کچێک لەسەر داوای دایکی 10 ژن فێری نووسین و خوێندنەوە دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە چۆمان ژنێکی تەمەن 54 ساڵ خۆی فێری خوێندنەوە و نووسینی ئەلف و بێی کوردی دەکات. هەمین ئەحمەد کاتێک کچەکەی کۆلێژی زمانی کوردی تەواو دەکات بۆ گەردن ئازایی داوای لێدەکات ئەو 10 ژنی دیکە فێری نووسین و خوێندنەوە بکات.
 
هەمین ئەحمەد دەڵێت، "زۆر حەزم دەکرد، بتوانم بنووسم و بخوێنمەوە سوپاس بۆ خوا خەریکە ئاواتەکەم دێتە دی، من زەحمەتم بە منداڵەکانمەوە بینی تاوەکو توانییان ببنە خاوەن بڕوانامە و ئەوانیش لە سەریانە خەڵکی فێری زانست و زانیاری بکەن." 
 
لە ناوەندی کولتووری چۆمان بیرۆکەی دایکەکە ئەوانە لە نەخوێندەواری رزگار دەکات کە دەیانەوێت فێربن، نزیکەی مانگێکە خولەکەیان دەستپێکردووە، پیتەکان دەناسن و رستەکان دەخوێننەوە.
 
خاتوون مەلا، مامۆستای خولەکەیە و گوتی، "داواکاری دایکم بوو من هیچ کات بیرم لێ نەکردبوویەوە، بەڵام بەراستی بۆ من و بۆ ئەو فێرخوازانەش کارێکی باش و مرۆیی بوو. زۆر خۆشحاڵم کە بە بیرۆکەی دایکم بوو و بە توانای خۆم دەتوانم خەڵکانێک لە نەخوێندەواری رزگار بکەم." 
 
تاوەکو بە تەواوەتی دەستیان لە نووسین رادێت. فێربن بە خێرایی رستە بخوێننەوە، بێ بەرامبەر دەتوانن لە خولەکەدا بەردەوام بن، نیازیانە خولەکە بەردەوامی هەبێت بۆ هەموو ئەو کەسانەی رۆژگار دەرفەتی پێنەداون لە تەمەنی منداڵیدا بچنە قوتابخانە. 
 
چۆمان حەسەن، بەرپرسی ناوەندی کولتووری چۆمان رایگەیاند، "کاتێک لە لایەن مامۆستای خولەکە داوامان لێکرا و چیرۆکەکەمان زانی زۆر لامان پەسند بوو شوێن و هەموو پێداویستییەکانی خولەکەمان بۆ دابینکردن و بە بیرۆکەی خولەکە دەتوانرێت بەردەوامی هەبێت و کەسانی دیکە لە نەخوێندەواری رزگاریان ببێت." 
 
به‌پێی دوایین رووپێوی 21%ـی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان نەخوێندەوارن. بۆ کەمکردنەوەی رێژەکەش وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە تەواوی قەزا و شارۆچکەکاندا بنکەی نەهێشتنی نه‌خوێنده‌واری کردوونەتەوە. به‌ نۆ مانگ فێری نووسین و خوێندنه‌وه‌ی كوردی ده‌بن. به‌ سێ ساڵ و بڕینی سێ قۆناخ بڕوانامه‌ی شه‌شه‌می بنه‌ڕه‌تی وه‌رده‌گرن.