رێژەی تەڵاق لە هەرێمی كوردستان 15% زیادیكردووە
رووداو- هەولێر
لە هەرێمی كوردستان، 58%ی ئەوانەی هاوسەرگیریان کردووە تەمەنیان لەنێوان 15 - 25 ساڵیدایە.
لە بەرامبەردا 41%ی ئەوانەی جیابوونەتەوە، لە هەمان تەمەنی 15-25 ساڵیدان. ئەگەر 6 مانگی ئەمساڵ بە 6 مانگی پارساڵ بەراورد بکەین، دەبینین رێژەی تەڵاق و جیابوونەوە لە شارەكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك، كەركووك و گەرمیان بە رێژەی 15% زیادیكردووە.
بەپێی ئامارەکانی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان، بەشی زۆری جیابوونەوەکان ئەو کەسانەن کە لە تەمەنێکی گەنج دان، یان لە تەمەنی هەرزەکاریدا هاوسەرگیرییان کردووە.
ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی پلان و ئامار لە ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان، دەریدەخات ئەو جیابوونەوانەی لە دادگاكانی هەرێمی كوردستاندا تۆماركراون، دەریدەخات كە تەڵاق لەنێو ئەو کەسانەدا زیادیکردووە کە لە تەمەنێکی بچووک ژیانی هاوسەرییان پێکهێناوە.
لە نیوەی ئەمساڵدا695 حاڵەت زیاتربووە
ژمارەی تەڵاق و لێکجیابوونەوە لە هەرێمی کوردستان، لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا 695 حاڵەت زیاترە لە شەش مانگی یەكەمی 2014 دا، کە 3 هەزار و 936 حاڵەت بووە. لەكاتێكدا لە ماوەی 6 مانگی یەكەمی ئەمساڵدا بووەتە 4 هەزار و 631 حاڵەت.
بەگوێرەی ئەو ئامارانە لە ماوەی 6 مانگی یەكەمی ئەمساڵدا تەڵاق و لێكجیابوونەوە لە شارەكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك، كەركووك و گەرمیان، بە رێژەی 15% زیادیكردووە.
ئەوانەی زوو ژیانی هاوسەرییان پێکهێناوە زۆرتر جیادەبنەوە
بەپێی بەداواچوونێكی تۆڕی میدیایی رووداو، لە هەرێمی كوردستان دا، 58%ی ئەوانەی هاوسەرگیرییان کردووە تەمەنیان لەنێوان 15 - 25 ساڵی دایە. 41%ی ئەوانەی جیابوونەتەوە، لە هەمان تەمەنی 15-25 ساڵیدان. کە بەهۆی نەگونجان لەگەڵ یەک، جیاوازی تەمەن و کێشەی کۆمەڵایەتی و داوێنپیسی جبابوونەتەوە.
ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، کە لە ماوەی 6 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 9 هەزار و 262 حاڵەتی تەڵاق و لێکجیابوونەوە لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، کە 3 هەزار و 842 حاڵەتیان ئەوانەن کە تەمەنیان لەنێوان 15 تاکو 25 ساڵیدا بووە.
هەروەها لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 43 هەزار و 582 هاوسەرگیری ئەنجامدراوە، کە 25 هەزار و 368یان تەمەنیان لەنێوان 15 تاوەکو 25 ساڵیدا بووە.