محەممەد شیاع سوودانى و بافڵ تاڵەبانی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تاوتوێ دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانى عێراق و سەرۆکى یەکێتیی نیشتیمانیى کوردستان کۆبوونەوە و هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و جێبەجێکردنى کارنامەى حکومەتی عێراقیان تاوتوێ کرد.
 
24ى تەمموزى 2023، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەرانى عێراق و بافل تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە بەغدا کۆبوونەوە. بەگوێرەى راگەیێندراوى نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق، محەممەد شیاع سوودانی و بافڵ تاڵەبانی باسیان لە گرنگیى سازان لەسەر چەند پرسێک کردووە، لەوانە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، ئەوەش لەپێناو بەهێزکردنى ئەزموونى دیموکراسی و سەقامگیریی سیاسی لە وڵاتدا.
 
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق پێشنیازى 18ـی شوباتى 2024، یان رۆژانی دواتری بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی هەرێمى کوردستان کردووە و پێویستە کاتەکەی لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە یەکلایی بکرێتەوە.
 
رۆژی یەکشەممە 23-7-2023 فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "بەدڵنیاییەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان وادەیەک پێش کۆتایی مانگی شوباتی ساڵی 2024 دیاریدەکات."
 
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا محەممەد شیاع سوودانى و بافڵ تاڵەبانی باسیان لە جێبەجێکردنى کارنامەى حکومەتی عێراق و پەنابردن بۆ دەستوور کردووە وەک بنەماى چارەسەرى کێشەکان.