وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان: زیاتر لە 210 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، زیاتر لە 210 هەزار تۆنم گەنمی جووتیاران وەرگیراوە. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی دەڵێت، "وەرگرتنی گەنم بێ کێشە بەردەوامە."
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، کە ئەمڕۆ دووشەممە 24-06-2044 بڵاوکراوەتەوە، 210 هەزار و 133 کیلۆ و و 62 گرام گەنم وەرگیراوە.
وەرگرتنی گەنمەکە بەگوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیە:
- لە پارێزگای سلێمانی 80 هەزار تۆن و 993 کیلۆ و 650 گرام گەنم وەرگیراوە
- لە پارێزگای دهۆک 66 هەزار تۆن و 546 کیلۆ و 940 گرام وەرگیراوە
- لە پارێزگای هەولێر 62 هەزار تۆن و 592 کیلۆ و 472 گرام وەرگیراوە
نەسرین ئەحمەد عەلی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو گەنمەی لە سنووری پارێزگاکەمان وەرگیراوە گەنمی هەڵەبجەشی تێدایە؛ پڕۆسەی وەرگرتنەکەش بێ کێشە بەڕێوەدەچێت."
وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە 6ی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە و بڕیارە 45 رۆژ بەردەوام بێت.
بەگوێرەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، حکومەتی عێراق ئەم ساڵ 700 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت و بۆ هەر تۆنێک 850 هەزار دیناری دەداتە جووتیاران.
بەپێی دابەشکاریی وەرگرتنی گەنم لەو بڕەی بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن وەردەگیرێت، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆک 189 هەزار تۆن وەردەگیرێت.
ساڵی رابردوو 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگیرا. ساڵی 2022 بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.
بەپێی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەم ساڵ عێراق نزیکەی حەوت ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم دەهێنێت، کە زۆرترینە لە مێژووی تۆمارکراودا.