​ بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی دوو بەنداو لە دهۆک دروستدەکرێن

رووداو دیجیتاڵ

لە قەزای سێمێلی سنووری پارێزگای دهۆک، بە گوژمەی زیاتر لە 7 ملیار و 100 ملیۆن بەنداوێک دروستدەکرێت و کارەکانی بەڕێژەی 39٪ تەواو بوون، دوای تەواوبوونیشی دەتوانێت پێنج ملیۆن مەترسێجا ئاو گلبداتەوە.
 
دڵشاد ئەمین، ئەندازیار لە بەنداوی بەنداوا دەڵێ "ئەو بەنداوە پشت بە ئاوی باران دەبەستێت، لە رووبەری 111 کیلۆمەترەوە ئاوی باران دێتە نێو ئەو بەنداوەوە و زۆر سوودی لێ دەبینین بۆ کشتوکاڵ، چونکە دەبینین لەو ناوچەیەدا بۆ گەنم، بیر هەڵدەکۆڵن، بەڵام ئەگەر ئێمە ئەو بەنداوەمان تەواو کرد، ماوەیەکی دیکە ئەو کێشەیە چارەسەر دەکەین".
 
دووەم بەنداو کە لە سنووری دهۆک دروستدەکرێت، دەکەوێتە سەر رووباری سیپە لە ناحیەی بامەڕنی سەر بە قەزای ئامێدی، بەنداوی سپنە دوو دەتوانێت حەوت ملیۆن مەترسێجا ئاو کۆبکاتەوە و رێژەی 45٪ـی کارەکانیشی تەواو بووە، بە کەمتر لە ساڵێکی دیکە تەواوی کارەکانی تەواو دەبێت، کۆی پرۆژەکەش بە گوژمەی حەوت ملیار و 260 ملیۆن دینار دروستدەکرێت.
 
بەدەل حەجی حوسێن، ئەندازیاری بەنداوی سپنە دوو، دەڵێ "ئێستا لە قۆناخی دانانی چینەکانی بەنداوەکەداین کە لە خاک و کۆمەڵێک فیلتەر پێکدێت. بەنداوەکە بۆ کشتوکاڵ و پڕۆژەکانی بەخێوکردنی ماسی و گەشتوگوزار و زیادبوونی ئاوی ژێرزەوی، سوودی زۆرە".
 
بەڕێوەبەری بەنداوەکانی دهۆک ئاشکرای دەکات؛ لە پلانی بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی، کار لە سێ بەنداو دەکەن، کە یەک لەوان بەنداوی خنسە و کارەکانی بەڕێژەی 100٪ تەواو بووە.
 
فەرهاد محەممەد، بەڕێوەبەری بەنداوەکانی دهۆک بە رووداوی راگەیاند "لە سنووری پارێزگای دهۆک، سێ بەنداومان هەن، کە بەخۆشحاڵییەوە بەنداوی خنس تەواو بووە و ئێستا ئاوی لێ کۆدەکرێتەوە، ئێستا کارکردن لە دوو بەنداوی دیکە بەردەوامە، ئەوانیش بەنداوی بەنداوا و بەنداوی سپنە دوون، کە بە تەواوبوونیان سوودێکی زۆریان دەبێت".
 
بەپێ ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەنداوەکانی دهۆک، ئێستا لە بەنداوەکانی دهۆک، کەشکان و خنس، 29 ملیۆن مەترسێجا ئاو گلدراوەتەوە.