لە کۆیە کێشەی کەمی گازی شل سەرهەڵدەدات
رووداو هەولێر
ماوەی چەند رۆژێکە کەمیی گازی ماڵان لە شاری کۆیە کێشەی بۆ هاووڵاتیان دروستکردووە، قایمقامی قەزاکە دەڵێت، لەسەر هێڵن و دەیانەوێت تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە کێشەکان چارەسەر بکەن.
رۆژی شەممە 24ـی حوزەیرانی 2023، تاریق حەیدەری، قایمقامی قەزای کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ماوەیەکە بەشە گازی ماڵان لە کۆیە کەمکراوەتەوە بۆیە کێشەی بۆ هاونیشتمانیان دروستکردووە، بەڵام "خەریکە دۆخەکە هێور دەبێتەوە".
بەشە گازی کۆیە لە سنووری سلێمانییەوە دەنێردرێت؛ تاریق حەیدەری دەڵێت، دەبێت مانگانە 7 بارهەڵگر گازی ماڵان پشكی کۆیە بنێردرێت، بەڵام دوو مانگە هەر جارە و 4 بارهەڵگر دەنێردرێت. گوتیشی، "پێموایە کۆمپانیاکە سەرقاڵی چاکسازی و نۆژەنکردنەوە بووە".
حەیدەری ئاماژەی بەوەش کرد، لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمی گاز و گوتی، شەش بارهەڵگر پشکی قەزاکە ماوە و لەگەڵ ناردنیدا کێشەی کەمیی گاز چارەسەر دەبێت.
ئەو گازەی پشکی کۆیەیە لە رێگەی دوو کارگەی سنوورەکەوە دەکرێتە بوتڵەوە و دابەشی سەر هاووڵاتیان دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستان ساڵانە لە وەرزی زستاندا خواست لەسەر گازی ماڵان زیاد دەبێت و بەگشتی لە هاویندا دۆخەکە باشە، نرخی هەر بوتڵێک گاز کە 22 لیتر گازی شلی تێدایە، لە زۆربەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بە 8500 دینارە.