شاسوار عەبدولواحید لەبارەی شەڕی پەکەکە و تورکیا: باوەڕم بە خەباتی چەکداریی نییە

رووداو – سلێمانی

سەرۆکی جووڵانەوەی نوێ رایگەیاند، یەکێتی و پارتی نیەتیان نییە هێزی پێشمەرگە یەکبخەنەوە، "ئەو هەوڵانەشی دەدرێن تەنیا قسەی راگەیاندنن". لەبارەی شەڕی تورکیا و پەکەکەش لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێ: "هەڵوێستمان روونە و لەگەڵ خەباتی چەکداریدا نین".
 
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوێ نوێ، رۆژی پێنجشەممە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی سازکرد و زیاتر لەبارەی نرخی بەنزین قسەی کرد، کە چەند رۆژێکە لە هەرێمی کوردستان نرخەکەی بەرزبووەتەوە. لەوبارەیەوە گوتی: "هۆکاری گرانبوونی بەنزین رێگریکردنە لە هاوردەکردنی بەنزین لە ئێرانەوە". گوتیشی: "ئەگەر بازرگانێک بیەوێت بەنزین لە ئێرانەوە هاوردەبکات، بۆ هەر تۆنێک 75 دۆلاری وەک گومرگ و 100 دۆلاریشی وەک خاوە لێوەردەگیرێت، کە ئەمەش کاریگەری هەبووە بۆ ئەوەی هەر لیترێک بەنزین 200 دیناری بچێتە سەر".
 
رووداو پرسیاری لە شاسوار عەبدولواحید کرد، کە ئایا چارەسەری جووڵانەوەی نەوەی نوێ چییە بۆ کێشەی گرانبوونی بەنزین، لە وەڵامدا گوتی: "ئێمە چەند تانکەرێک بەنزینمان کڕیون لە ناوخۆ و لە ئێرانیشەوە، لە ئەمڕۆوە هەر لیترێکی بە 500-550 دینار دەفرۆشین، ئەم هەوڵەشمان بۆ پێشاندانی نموونەیەکە، کە بەنزینخانەکانی دیکەش دەتوانن هەمان کار بکەن و قازانجیش بکەن، ویستمان ئەو کارە لەگەڵ چەند بەنزینخانەیەکدا بکەین، بەڵام نەیانکرد و هەوڵیشیان دا ئێمەش پەشیمان بکەنەوە".
 
رووداو لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا دوو پرسیاری جیاواز لە تەوەری سەرەکی کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەی لە سەرۆکی جووڵانەوەی نوێ کرد: چۆن دەڕواننە ئەو هەوڵانەی ئێستا دەدرێن بۆ هێزەکانی 70 و 80 کە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بن؟. لە وەڵامدا شاسوار عەبدولواحید گوتی: "ئەو هەوڵە لەدوای یەکگرتنەوەی ئیدارەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2005ەوە بەردەوام قسەی لەسەر دەکرێت، بەداخەوە هەر قسەی سەر کاخەز و راگەیاندنە، چونکە ئێستا هێزەکان لە هێزی حیزب دەرچوون و بوونەتە هێزی شەخس، بۆیە ئەگەر بە کردار چاکسازی لە کۆی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان نەکرێت، ناتوانن هێزی پێشمەرگە یەکبخەنەوە و ناشیانەوێت بیکەن".
 
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی رووداو: چۆن دەڕواننە شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە لە هەرێمی کوردستان کە بەردەوام بەهۆیەوە گوندی زیاتر چۆڵ دەبن، شاسوار عەبدولواحید گوتی: "بەنیسبەت ئەو شەڕەوە لە هەرێمی کوردستان، چەند جارێک هەڵوێستمان روونکردووەتەوە، وەکو خۆم و وەکو نەوەی نەوێ دەیان جار گووتوومانە باوەڕمان بە خەباتی چەکداری نییە و رەنگە لەسەر ئەوەش گلەییمان لێکرابێت". 
 
سەرۆکی نەوەی نوێ هەروەها گوتی: "خەباتی چەکداری باوی نەماوە، ئێستا کات کاتی بونیادنان و بەهێزکردنی ئابووری و دامودەزگاکانی حکومەتە، بۆیە باوەڕمان بە شەڕ نییە بۆ خۆمان و بۆ هێزی دیکەیش، باوەڕمان بە شەڕ نییە وەک خۆمان، بەڵام ئەو هێزانەشی لە کوردستانن دەبێت مافی مانەوەیان هەبێت، تورکیا، ئێران و سووریاش دەبێ کێشەی کورد بەجیددی وەربگرن و چارەسەری بکەن، چونکە مێژوو دەریخستووە بە شەڕ ناتوانن هیچ میللەتێک لەنێو ببەن و دواجاریش هەر دەبێ بچنەوە سەر مێزی گفتوگۆ".