هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لەنێو بازاڕی سلێمانی قەدەخەدەکرێت

رووداو - سلێمانی

لە رۆژی پێنجشەممەوە تاوەکو 1ی تەممووزی مانگی داهاتوو هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لە سەنتەری (ناوبازاڕی) شاری سلێمانیدا رادەگیرێت، پارێزگاری سلێمانیش دەڵێت: هاووڵاتیان تەنیا بەپێ و لە چوارچێوەی رێنماییە تەندروستییەکان دەتوانن هاتووچۆ بکەن.
 
لە راگەیێنراوێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە 24-06-2020 بڵاوکراوەتەوە، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ئاماژە بەوە دەدات، 
بڕیارەکان بە راوێژ لەگەڵ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دراون. 
 
سەبارەت بە دابەشکردنی مووچە هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتی، لە رۆژانی ئایندەدا دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات و لەکاتی پێویستدا فەرمانگە، خەزێنە و بانکەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی بەپێی رێکار و رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی دەوامی خۆیان دەکەن.
 
دەقی راگەیێندراوەکەی هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی
 
بۆ/ هەموو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی
 
بابەت/ گشتاندن 
 
ئەمڕۆ 24-06-2020 ، لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دوای راوێژو راگۆڕینەوە لەگەڵ بەڕێز وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا تایبەت بە رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، بڕیاریدا بە:
 
یەکەم: جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردن و بەدواداچوونی تەواوی ئەو بڕیارانەی لە کۆبوونەوەی رۆژی 20-06-2020ی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنادا دراون و بە نووسراوی ژمارە 125 لە 20-06-2020ی پارێزگای سلێمانی/ نووسینگەی تایبەتدا، گشتاندنیان بۆ هەموو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان پێکراوە.
 
دووەم: لە رۆژی 25-06-2020ـەوە، هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لە سەنتەری (ناوبازاڕی) شاری سلێمانیدا رادەگیرێت و هاووڵاتیان بەپێی رێنماییە خۆپارێزیی و تەندروستییەکان تەنها بەپێ دەتوانن هاتووچۆ و بازاڕ بکەن.
 
سێیەم: دابەشکردنی مووچە لە رۆژانی ئایندەدا دەستپێدەکات و لەکاتی پێویستدا فەرمانگە و خەزێنە و بانکەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی دەوامی خۆیان دەکەن بەپێی رێکار و رێنماییە تەندروستییەکان و، فەرمانگەکان بەپێی لیستی مووچە بەهەمان رێکارو رێنمایی تەندروستی لەو رۆژانەی بۆیان دیاریدەکرێت مووچە دابەشدەکەن.
 
چوارەم: پێویستە هەموو یەکە کارگێڕییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی هەمان ئەو بڕیار و رێکارو رێنماییانە جێبەجێ بکەن، کە لەم نووسراوە و نووسراوی ژمارە 125ی رۆژی 20-06-2020ی پارێزگای سلێمانیدا دیاریکراون و بەپێی تایبەتمەندیی سنوورە کارگێڕییەکانیشیان دەسەڵاتی تەواویان هەیە رێکاری تر بۆ باشتر بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بگرنەبەر.
 
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی
 
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا
24-06-2020